وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 81 ئامانجی پەکەکەمان بۆردوومان کرد

تائێستا زیانەکان ئاشکرا نەکراون

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، 81 ئامانجی پارتی کرێکارانی کوردستانیان بۆردوومان کردووە و ئۆپەراسیۆنەكەیان بە سەركەوتوویی تەواوبووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بڵاوکردەوە و، رایگەیاند لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی 81 ئامانجی پەکەکەیان بۆردوومان کردووە.

درەنگانی شەوی (یەکشەممە، 14-6-2020) سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەناوی "چنگی هەڵۆ" بۆ سەر "پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەستپێکرد و چەند شوێنێکیان لە مەخموور، شنگال و قەندیل بۆردوومان کرد". وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند ئامانجیانە "بنکەکانی پەکەکە لەو ناوچانە تێکبشکێنن لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سنووری تورکیا".

تائێستا زیانی هێرشەکان نەزانراوە، بەڵام خلووسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا دەڵێ "ئۆپەراسیۆنەكەمان بە سەركەوتوویی كۆتایی ھات".

 

هـ.ر.