كۆڵبەران دەبنە مەترسی بۆ گواستنەوەی كۆرۆنا

كۆڵبەران دەبنە مەترسی بۆ بڵابوونەوەی كۆرۆنا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

کۆڵبەرەکان بوونەتە مەترسییەکی جددی بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش بڕیاریداوە کە چیتر ئەو بارانە گومرگ نەکرێن بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەو کارە قاچاغچیە. بەڕێوەبەری ناحیەی بیارەش دەڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان لە دەسەڵاتی پاسەوانی سنووردایە و ئەوان قسەیان لەگەڵ کردون بۆ ئەوەی ڕێ و شوێنی توند بگرنەبەر.

کۆڵبەرەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، دێنە نێو باخەکانی شارەدێی تەوێڵە. ئەمەش بووەتە مەترسییەکی جدی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەدێکە.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە كوردستان24ی گوت: "تائێستا رەزامەندی نەدراوە بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەكان، ئەگەر بڕیاربدرێت ھیچ مادەیەك لە دەروازەكانی پشتە و تەوێڵە، دەتوانرێت 80% دۆخەكە كۆنترۆڵ بكرێت".

لە هەورامان چەندین دەرەچەی لاوەکی هەن کە کاری قاچاغی تێدا ئەنجام دەدرێت، زۆربەی ئەم دەرەچە قاچاغانەش دەکەوێتە سنووری دەسەڵاتی بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە. بەڕێوەبەری ناحییەکەش دەڵێت کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دەرەچانە لە دەسەڵاتی ئاسەوانی سنورەو ئێمەش قسەمان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی زیاتر ڕێ و شوێنەکان توند و تۆڵتر بکەن.

پەیوەست بەم بابەتە حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە دەڵێ: "داوامان لە ھێزەكانی پاسەوانی سنوور كردووە رێوشوێنی توندتر بگرنەبەر بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و بەر یەك كەوتنی كۆڵبەران لەگەڵ خەڵكی ناوچە سنوورییەكان".

پارێزگای هەڵەبجە بە درێژایی 118 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە، بەدرێژایی ئەم سنوورەش چەندین دەرەچەی قاچاغی لەگەڵ وڵاتەكە هەیە و تائێستاش کارکردن لەم دەرەچانە بەردەوامە. ئەوەی مەترسی زیاتری بڵاوکردووەتەوە بەریەککەوتنی کۆڵبەرانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرانە، ژووری ئۆپڕاسیونەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەپێناو پاراستنی تەندروستی پارێزگاکە و رێگری لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند داوایەکی ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گومرگی هەرێم کردوە، لەوانە ئەنجام نەدانی رێکاری گومرگ بۆ ئەوکەلوپەلانەی لە لیستی هەناردەو هاوردەکردن دانین، بۆئەوەی بەقاچاغ نەبرێن و بەریەک کەوتن لەنێوان کۆڵبەرانی رۆژھەڵات و هەرێمی کوردستان دروست نەبێت.