جوتیاران داوای خێراترکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەکەن

لە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان رازین
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

جوتیارانی كوردستان بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن سایلۆكان بۆیان داندراوە، لە ماوەیەكی دیاریكراو گەنمەكانیان لێوەردەگیرێت، جوتیاران لە بەرھەمی ئەمساڵیان رازین و  داواش دەکەن پرۆسەی وەرگرتنی گەنم خێراتر بکرێت. لە لایەكی دیکەوە حكومەتی عێراق ئەمساڵ لە ھەموو  كوردستان 390 ھەزار تۆن گەنم وەردەگرێ و وەزیری بازرگانیش ئاماژە بەوە دەكات، بۆ ساڵی داھاتوو پلانی تایبەتیان  بۆ جوتیاران دەبێت.

كاكە لاس ئەحمەد، جوتیارێكی سنووری پارێزگای ھەولێر دەڵێ: "ئەمساڵ 100 تۆن گەنمم بەرھەمھێناوە، بەڵام سایلۆ بڕی 10 تۆنم لێوەردەگرێت، لە ھەمانكاتدا لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق رێژەی زیاتر لە جوتیاران وەرگیراوە".

لەبارەی پلانی داھاتووی حكومەت بۆ ئەو گەنمەی جوتیاران كە دەمێنێتەوە و سایلۆ لێیان وەرناگرێت. كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی  و پیشەسازی بە كوردستان24ی گوت: "لە زۆر لایەوە لە ھەوڵداین، بۆ ئەوەی رێگەیەك بۆ ساغكردنەوەی گەنمی جوتیاران بدۆزینەوە، ھەروەھا وەزارەتی كشتوكاڵ پڕۆژەیەك ھەیە، بۆ ئەوەی گەنمی جوتیاران لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە وەربگیرێت، بەڵام ئەو پڕۆژەیە ئەمساڵ ناكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".

بەگوێرەی وەزارەتی كشتوكاڵ، بۆ ئەمساڵ بڕی 2 ملیۆن تۆن گەنم لەلایەن جوتیارانی كوردستان بەرھەم دەھێنرێت و لەم بڕە تەنیا 390 ھەزار تۆن لەلایەن حكومەتی عێراقەوه وەردەگیرێ و جیا لە دابینكردنی پێداويستى ناوخۆیی، بەشێكی زۆری گەنمی جوتیاران دەمێنێتەوە، هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانیش پلانی تایبەتیان  بۆ ساڵی داھاتوو دەبێت.