سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەكەی ھەولێر دۆزرایەوە
K24 - ھەولێر
ماوەیەكە بۆنێكی ناخۆش بەشێك لە خەڵكی ھەولێری بێزار كردووە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك بەدواداچوونی كرد و سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەكە دۆزرایەوە، كە پاڵاوگە نەوتییە نایاساییەكانن، بڕیاردرا كە پاڵاوگەكان دابخرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "دوای ئەوەی لە چەند شەوی رابردوو بۆنێكی ناخۆش دانیشتووانی ھەولێری ھەراسان كردبوو، ھەروەھا لەلایەن چەندین ھاووڵاتییەوە پەیوەندیمان پێوەكرا، لیژنەیەكی ھاوبەشمان لە پۆلیس و زێرەڤانی پێكھێنا و توانرا سەرچاوەی ئەو بۆنە پێسە بدۆزرێتەوە، كە پاڵاوگەی نایاسایی نەوتن. كەوتوونەتە ناوچەی گوێڕ و شەمامك، ھەڵمەتێكمان بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگانە دەستپێكرد".
ئاشكراشی كرد: "تائێستا 17 پاڵاوگەی نایاسایی داخراون، ھەر پاڵاوگەیەكی دیكەی نایاسایی ھەبێت دایدەخەین".
قایمقامی ناوەندی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو پاڵاوگانە لە كاتێكی پێویست رێگەیان پێدراوە، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە كە دابخرێن، ئەوانەی كە ھێشتا دانەخراون خاوەنەكانیان ئاگادار كراونەتەوە لە ماوەی 60 رۆژدا پاڵاوگەكانیان دابخەن، ئەگەرنا لیژنەكانمان پاڵاوگەكان دادەخەن و دەستیش بەسەر كەلوپەلەكانیاندا دەگیرێت".