نەتەوە یەکگرتووەکان یەپەگە و یەپەژە بە چەکدارکردنی منداڵان تۆمەتبار دەکات

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان تۆمەتبار دەکات بە پێشێلکردنی مافی منداڵان و چەکدارکردنیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی رەوشی منداڵانی جیهان لە ساڵی 2019 بڵاوکردەوە، بەشێکی تایبەتکراوە بە منداڵانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و چەکدارکردنیان لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە.

بەپێی راپۆرتەکە لە ساڵی 2019ـدا نەتەوە یەکگرتووەکان 2638 پێشێلکاریی بەرامبەر منداڵان لە سووریا پشتڕاستکردووەتەوە کە کۆی پێشێلکارییەکان کاریگەرییان لەسەر 2292 منداڵ هەبووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی چەکدارکردنی 820 منداڵ پشتڕاست بکاتەوە، کە 147 منداڵیان تەنانەت لەژێر تەمەنی 15 ساڵیدا بوون.

لە راپۆرتەکەدا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی سووریا و تەنانەت هەسەدەش تۆمەتبار دەکرێن  بە چەکدارکردنی منداڵان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ" یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) 283 منداڵیان چەکدار کردووە لە ساڵی 2019ـدا".

جگە لە چەکدارکردنی منداڵان، یەپەگە و یەپەژە تۆمەتباردەکرێن بە دەستگیرکردنی 194 منداڵ بەتۆمەتی ئەندامبوونیان لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن یان چەکداربوونیان لە رێکخراوی داعش.

هەروەها یەپەگە و یەپەژە لەژێر چەتری هەسەدەدا لە مانگی ئۆکتۆبەر 150 کوڕیان دەستگیرکردووە، کە هەندێکیان تەمەنیان تەنیا نۆ ساڵ بووە، منداڵەکان هەندێکیان سووری بوون و بەلایەنی کەمەوە 22ـیان خاوەن رەگەزنامەی بیانی بوون، ئەمەش بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی داعش.

 

 

هـ.ر.