وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی دوو جۆر ئامێر هۆشداری دەداتە شۆفێران

ئەوانەی سەرپێچی دەکەن بە یەک ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێن

K24 – هەولێر

بەكارھێنانی چەند جۆرە ئامێرێک بۆ ئۆتۆمبێل کە زیاتر لەلایەن گەنجانەوە بەکاردێن، رووناکییەکی جیاوازی بەدەنگ و بێدەنگیشیان هەیە، قەدەغەکرا و هەرکەسێک سەرپێچی بکات، سزای دارایی دەدرێت.

شوێنەكانی تایبەت بە فرۆشتنی کەرەستەکانی جوانكاریی ئۆتۆمبێل كە ئەم جۆرە ئامێرانەی تێدا دەفرۆشرێ ئاگاداری رێنماییەكانی وزارەتی ناوخۆن و دەڵێن چەند ساڵێكە ئەم ئامێرانە بە دەنگ و رووناكیشەوە نافرۆشن.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر باسی ئەوە دەكات لیژنەی تایبەتیان ھەیە بۆ سەردانیكردنی شوێنەكانی فرۆشتن یاخود دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی ئەو كەسانەی ئەم ئامێرانە بەکاردێنن.      

لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیكدا رایگەیاند، ئەو كەسانەی ئامێری رووناكی یان دەنگی بەكاردەھێنن جیا لە ئۆتۆمبێلەكانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەمبیوڵانسەكان، بە بڕی یەك ملیۆن دینار سزای دارایی دەدرێن و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکە، سزاکەیان دەبێتە 2 ملیۆن دینار.

 

هـ.ر.