هاوپه‌یمانی دژی داعش سوپاسی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
ولیه‌م رۆباك، جێگری نوێنه‌ری هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌دوای رێكه‌وتنی لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، سوپاسی رۆڵی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ گه‌یشتن به‌م قۆناخه له رۆژئاوای كوردستان و نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و گوتیشی: ئه‌مریكا هیواداره ئه‌م هه‌نگاوه ببێته مایه‌ی بنیاتنانی بناغه‌یه‌كی به‌هێز بۆ گه‌لی كورد له سووریا.
له‌م باره‌یه‌وه ولیه‌م رۆباك له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "ده‌مه‌وێت به‌ناوی حكومه‌تی ئه‌مریكاوه ستایشی هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوو لا بكه‌م له‌پێناو ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی ئه‌نجامیانداوه له گفتوگۆكانیان و هه‌ردوولا گه‌یشتوونه‌ته لێكتێگه‌یشتنێكی سه‌ره‌تایی. هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی رێكه‌وتنی دهۆكی ساڵی 2014 وه‌كو بناغه‌یه‌كی گفتوگۆكان و پێشه‌ڤه‌چوون له‌و گفتوگۆیانه و ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ كه لێره‌ین بۆ پیرۆزباییكردنه له‌م پێشكه‌وتنه كه هه‌نگاوێكی گرنگه، به‌ڵام بێگومان هێشتا زۆر كار ماوه ئه‌نجام بدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ردوولا هه‌نگاوی زۆریان هاویشتووه بۆ گه‌یشتن به‌م قۆناغه، كه له ئاینده‌دا ئه‌و هه‌نگاوانه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورده و له‌و بڕوایه‌شدام كه ده‌توانین به‌م هه‌نگاوه كاری گه‌وره‌تر بنیات بنێین و گفتوگۆكان فراوانتر بكه‌ین و له داهاتوودا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌خۆ بگرێت. ده‌مه‌وێت سوپاسی ژه‌نه‌ڕاڵ مه‌زڵوم بكه‌م بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌م بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو یه‌كڕیزی كورد".
H.B