مۆدێرنیزە کردنی خوێندنی باڵا

Kurd24

مۆدێرنیزە کردن بە واتای پرۆسەگەلێک دێت کە تێکڕا خوێندنی باڵا لە قۆناغی کلاسیک و چەقبەستوو دەگوێزێتەوە بۆ سیستمێکی سەردەمیانە و مۆدێرن كە لە ئاست ووڵاتانی پێشکەوتوو و داخوازییەکانی ئەم سەردەمە بێت. هەڵبەت ئەمە پرۆسەیەکی سانا نیە و کار و گۆڕانکاریی زۆری گەرەکە، لێ زۆر پێویستە بە جیدی کاری بۆ بکەین و بە پەرۆشەوە هەنگاوی بۆ بنێین بۆ ئەوەی وەڵامدەری پێداویستییە هەنووکەیی یەکان بین. دەبێ نەخشەڕێمان سێگۆشەی مامۆستا و قوتابی و بازاڕی کار بێ و چوارچێوەی چارەسەرەکان لە دووتێی ئەم سێگۆشەیەدا بنیات بنێین بۆ ئەوەی خوێندنەکە ئامانجدار بێت. 

پەتای کۆرۆنا زۆر ڕاستی تاڵی بۆ ئاشکرا کردین سەبارەت بە دۆخی حوکمرانیی و تەندروستی و پەروەدە و خوێندنی باڵا و دەرکەوت کە پێویستمان بە سەدان شیکاریی ئاکادیمی و کاری پراکتیکە تاکو ڕاستەڕێیان بکەین هەرچەند وەزارەتی خوێندنی باڵا تێمێکی دڵسۆزی تەکنۆکراتی خاوەن دیدگا سەرکردایەتیی دەکەن و ئاگاداری کێماسییەکانن و بۆ چارەسەری قەیرانەکان پلاندادەڕێژن، وەلێ ئەمە بە تەنێ بەس نیە. پێویستە ئاکادیمست و پسپۆڕانی خاوەن ئەزموون لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا، تەکنۆلۆجیای زانیاری، زانستە ئاکادیمییەکان هاوهەنگاوی وەزارەت پرۆژەی هاوکاریی پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ئەزمونەکە دەوڵەمەندتر و ماوەکە کورتتر بکەین. 

پرۆسەی مۆدێرنیزە کردن پێویستە لە 2 قۆناخی کورتخایەن و درێژخایەن هاوتەریب بەڕێوە ببرن:

1- قۆناغی کورتخایەن:

ئامادەسازیی و فەراهەمکردنی سەرجەم کەرەستە ئەلکترۆنییەکانی پەیوەست بە خوێندنی باڵا بە پرۆسەیەکی بە خێرایی ئەلکترۆنی کردنی خوێندنی باڵا بۆ ئەمساڵی قوتابیان و خوێندکاران.

لە کاتێکدا کە زۆربەی زانکۆکانی جیهان ئەمساڵی خوێندنیان بە شێوازی ئۆنلاین تەواو کرد، توێژینەوە سەرەتاییی یەکان بە پراکتیک دەریخست زۆربەی زانکۆکانمان لە کوردستان بە حکومی و ئەهلییەکانەوە هێشتا لە ئاستی پێویست نین بۆ خوێندنی ئۆنلاین. ئەمەش کەلێنێکی گەورەی بەجێهشتووە لە خوێندنی باڵا ونابێ نادیدە بگرێ، چونکە کۆرۆنا واقعێکی تاڵی دروست کردووە کە بە ناچاری هەموومان دەبێ ملکەچی بین نەک دوورە پەرێزانە لە ڕووداوەکان ڕامێنین. چارەنووسی قوتابیان بە ڕاستەوخۆ بەندە بە بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا؛ کە واتە خوێندنی ئۆنلاین تاکە ئەلترناتیڤە کە دەبێ مەیسەر ببێت بۆیە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەم کاتە کەمەدا کار بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەجێندایە: 

- یەکخستنی سیستمی خوێندنی ئۆنلاینی هەموو زانکۆ حکومییەکان بە سیستمێکی یەکانگیر.

- ئەمە بێگومان دەرفەتێکە بۆ وەزارەت بۆ یەکخستنەوەی مەنهەج و جۆری سیستمی زانکۆکان و لابردنی ئاست و جیاوازیی ئاکادیمی.

- ئەمە دەرفەتێکە بۆ ڕاهێنان بە مامۆستاکان، تیمەکانی بەڕێوەبردن و تیمە تەکنیکییەکان لە پێش دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی نوێ.

- بە ئەلکترۆنیکردنی بەشێک لە پرۆسەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ناوخۆی وەزارەت و نێوان وەزارەت و زانکۆکان تا دەستپێکی ساڵی خوێندن و پاشان بەردەوامبوون بۆ تەواکردنی پرۆسەکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا.

- دامەزراندنی کانالێکی تەلەڤیزیونی پەروەردەیی تایبەت بە خوێندنی باڵا و بڵاوکردنەوەی وانەکانی ڕۆژانە بە ڤیدیو. 

2- قۆناغی دوورخایەن:

ئەو بەشانەی پێدڤییە هاوتەریب بخرێنە ناو کارنامە و ئەجێندای وەزارەتەوە و پێکەوە کاریان لە سەر بکەن:

-گەڵالە کردن و پەسەندکردن و تێپەڕاندنی یاسای خوێندنی ئۆنلاین لە کوردستان بە هاوکاریی حکومەت و پارلەمان کە پێویستە بەر لە دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵی زانکۆکان ئەم یاسایە دەربچێ بۆ ئەوەی هیچ کۆسپێک لە بەرامبەر پرۆسەی خوێندنی باڵای ساڵی داهاتوو نەمێنێ و خوێندنی ئۆنلاین بە یاسایی بکرێ.

- داڕشتنەوەی سیاسەتی گشتی و هێڵە گشتییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە لە گەل سیستمی ئەم سەردەمە دا بگونجێ و بەشێکی سەرەکیی گۆڕانکاری لە سیستمی بەڕێوەبردنی وەزارەت و بە ئەلکترۆنی کردنی پرۆسەکان بێت.

- کەمکردنەوەی بیروکراسیەتی ئیداریی و ڕێکخستنەوەی فەرمانگەکان و داڕشتنەوە هەیکەلی ئیداری بە پێی سیستمی ئەلەکترۆنیی تازەوە و ڕێکارەکانی مۆدێرنیزە کردنی وەزارەت.

- پێویستە زانکۆکان خاوەنی سەربەخۆیی حکومی و ئیداری خۆیان بن بۆ ئەوەی خۆیان لە بیرۆکراسیەتی خاو  و کۆسپ خۆڵقێنەری حکومەت دەرباز کەن.

- پێویستە پرۆسەی هاوتەریب کردنی پرۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆکان لە گەل پێداویستییەکانی بازاڕی کار بەردەوام بێ.

-دانانی میکانیزێک بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی خوێندنی زانکۆکان و تازەکردنەوە و سەردەمیانەکردنی بەردەوامی مەنهەج و سیستمی خوێندن.

-لە بری سیستمی یەک پەنجرەیی، پێویستە سیستمی ئەلکترۆنی ٢٤ کاتژمێری چالاک بکرێت و قوتابیان و خوێندکاران و (داواکاران) مراجعەکان لە ڕێی ئەم سیستمە داخوازییەکانیان پێشکەش بکەن و ماوەی ٤٨ کاتژمێر دابنرێ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، ڕێنومایی یان ڕاپەڕاندنی کارەکانیان.