هەژاریی و کۆرۆنا یەخەی خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێت

ئامارێك: زیاتر لە 60%ـی خەڵکی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و سنە لەژێر هێڵی هەژاریدان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

هەژاریی و کۆرۆنا بەشێوەیەک بەرۆکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان گرتووە، بەگوێرەی ئامارێكی فەرمی ناوەندی ئاماری ئێران، زیاتر لە 60%ـی خەڵکی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و سنە لەژێر هێڵی هەژاریدان. گرانبوونی شتومەک و کەمبوونه‌وه‌ی توانای کڕین وایکردووە، زۆرینەی هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت لە دابینکردنی پێداویستی ئاسایی ژیانیشدا بێ توانا بوون.

ئەگەرچی حکومەتی ئێران هێڵی هەژاری بە نزیکەی سێ ملیۆن تومەن دیاریکردووە، بەڵام بەشێکی زۆری لە ئابووریناسان پێیانوایە کە ئەو کەسانەی داهاتی مانگانەیان کەمتر لە 6 ملیۆن تومەن بێت، ناتوانن مانگانە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیشیان دابین بکەن، بەمشێوەیە جگە لە سەرجەم کرێکاران، بەشی زۆری فەرمانبەران و هەموو ئەو کەسانەی کە بێکاریشن لەژێر هێڵی هەژاریدان، هاووڵاتییان دەڵێن ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بۆ هاووڵاتییان نییە.

گەمارۆکانی ئەمەریکا و دابەزینی بەهای تومەن و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بەرپرسانی ئێرانی دەستەوەستان کردووە، رۆژانه‌ نرخەکان و ژمارەی بێکارەکانیش بەرز دەبنەوە، دەسەڵاتدارانیش نایشارنەوە، کە بەمزووانە دۆخەکە باشتر نابێت.