مەسروور بارزانی: پێویستمان بە هاوکاریی نێودەوڵەتییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران

" لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا، هیوادارم جیهان ئەوانی لە یاد بێت"

 K24 -  هەولێر

 هەرێمی کوردستان پەناگەی ملیۆنێک و 100 هەزار پەنابەر و ئاوارەیە، سەرۆکی حکومەتیش دەڵێ بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵوحاڵیان "پێویستیمان بە هاوکاری نێودەوڵەتی و يارمەتیی داراییە بۆ ئەوەی زەمینەخۆش بکەین تا بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا پەیامێکی لەڕێگەی ئەکاونتەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر و ئینستاگرام بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "هیوادارم جیهان پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراقی لەبیر بێت، کە لە هەرێمی کوردستانن".

ئەو وتانەی سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدان بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران (UNHCR) کە (پێنجشەممە، 18-6-2020) بڵاوکراوەتەوە، لە کۆتایی 2019ـدا: 79.9 ملیۆن کەس لە جیهان پەنابەر بوون، داوای پەنابەرییان کردووە یان لە وڵاتی خۆیان ئاوارە بوون و وردە وردە چانسی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵوحاڵیان کەمتر دەبێتەوە.

فیپۆ گراندی، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو "1%ـی دانیشتووانی جیهان بەهۆی شەڕ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و جۆرەکانی دیکەی تووندوتیژی، ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. لە ساڵی 2012ـەوە ژمارەکان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت شەڕ و تووندوتیژی و ململانێکانیش زیاد بوون".

 

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە میوانداریکردن و پێشکەشکردنی پێداویستی بۆ ملیۆنێک و سەد هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سوریا و ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراق . لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا، هیوادارم جیهان ئەوانی لە یاد بێت . پێویستیمان بە هاوکاری نێودەوڵەتی و يارمەتیی داراییە بۆ ئەوەی زەمینەخۆش بکەین تا بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە بگەڕێننەوە ناوچەکانیان.

 

View this post on Instagram
 

لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا، هیوادارم جیهان ئەوانی لە یاد بێت

A post shared by Masrour Barzani (@masrourbarzani) on