كەسێكی دیكە لە سەیدسادق بە كۆرۆنا گیانی لەدەستدا
K24 - ھەڵەبجە
كەسێكی دیكەی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای سەیدسادق گیانی لەدەستدا.
قایمقامیەتی سەیدسادق رایگەیاند: "چوارەم حاڵەتی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای سیدسادق تۆمار کرا، کە پیاوێکی 70 ساڵە و دانیشتووی سنوری قەزای سیدسادقە پیشتر نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە".
پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "شەوی رابردووش كەسێكی دیكە بەھۆی كۆرۆنا لە سەیدسادق گیانی لەدەستداوە و كۆی گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەكە لەو قەزایە بوو بە 5 كەس".
دیار رەفیق قایمقامی سەیدساق بە كوردستان24ی گوت: "ژمارەی تووشبووان لە سەیدسادق لە ھەڵكشانە و چاوەڕێ دەكەین، ژمارەی مردووانیش زیاد بكات".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا 3 ھەزار و 539 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیە ھەزار و 358 كەس چارەسەریان بۆ كراوە و رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، ھەروەھا 100 كەسیش بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.