پەنابەرانی ئێرانى و رۆژھەڵاتی كوردستان داوای مافەكانیان لە بەغدا دەكەن

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی 11 ھەزار پەنابەری ئێرانى و رۆژھەڵاتی كوردستان بە فەرمی ناویان تۆمار كراوە، ئەو پەنابەرانە لە چەندین كەمپی كوردستان نیشتەجێكراون، وەكو خۆیان باسی دەكەن بێبەشن لە ھەموو مافێكی پەنابەری كە له جارنامەی جیھانی مافی مرۆڤدا هاتووه.

ئەحمەد سادق پور، ناسراوە بە سۆفی ئەحمەد  تەمەنی 66 ساڵە و نیوەی تەمەنی وەك پەنابەر بەسەر بردووه، ئەو خەڵكی شاری شنۆی رۆژھەڵاتی كوردستانه و ماوەی 30 ساڵە لە باشوری كوردستان پەنابەرە،دەڵێ: "ئەركی حكومەتی عێراقه ئاوڕێك لە پەنابەران بداتەوە، بەڵام ئێمە بە ناو پەنابەرین و بێبەش كراوين لە مافەكان".

لە ھەرێمی كوردستان 10 ھەزار 812 پەنابەری ئێرانی و رۆژھەڵاتی كوردستان ناویان لە لایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران تۆمار كراوە، بەسەر زیاتر لە 10 كەمپی پارێزگاكانی كوردستان دابەشكراون. ئەم پەنابەرانە وەك خۆیان باسی دەكەن ناویان وەك پەنابەر تۆمار كراوە و سەرەڕای تێپەربوونى 25 ساڵ بەسەر پەنابەرییان، تاكو ئێستاش مافەكانی پەنابەرییان پێنەدراوە.