قوربانییەکانی میدیا و پڕۆپاگەندەی سیاسی

Kurd24

بەشی دووەم

پاش یەکلاییبوونەوەی یەکەمین جەنگی جیهانی ، ئەدۆڵف هیتلەر، کە هێشتا وەک سیاسییەکی ناسراو ناوی دەرنەکردبوو، لە شاری میونشن پێشانگەیەکی بەسەرکردەوە کە تایبەت بوو بە پۆستەری سیاسی . هیتلەر زۆر بە پەرۆش بوو تێبگات و فێرببێ ، ئەمەریکا و بەریتانیا وفرەنسا، لە ماوەی جەنگدا لەدژی ئەڵمانەکان چۆن سوودیان لە پڕۆپاگەندەی سیاسی بینیوە!؟. هیتلەر بڕوای وابوو کە حیزبە گچکەکەی ئەویش، پێویستە ئەوپەڕی سوود لە شێوازەکانی پڕۆپاگەندەی سیاسی  ببینێ. لە 1920 دا هەنگاوەکانی هیتلەر وەک سەرکردەی حیزبی نازی ، لە باڕەکانی میونشنەوە دەستی پێکردو لەناو گێژاوو بێ سەروبەریی دۆخی سیاسی وئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیای دۆڕاوی جەنگدا، توانیی لە ساڵی 1928 دا 12 کورسیی لە 500 کورسیی پەرلەمان بەدەسبهێنێت.

هیتلەر لەماوەی 4 ساڵی دواتردا، بە کەڵک وەرگرتن لە پڕۆپاگەندەی سیاسیی، گوتارەکانی ئاراستەی هەموو میللەتی ئەڵمان دەکردو داوایدەکرد تەنیا بۆ یەکجار حیزبەکەیان تاقیبکەنەوەو دەنگیان پێ  بدەن تا دەرفەتی ئەوەیان هەبێت بەڵێنە مەزنەکانیان بهێننەدی . حیزبی نازیی ئەلمانی، سوودی لەو تەکنیکانەی پڕۆپاگەندەی سیاسی بینی کە کۆمۆنیست و فاشیست و ئەمریکی و بەریتانییەکان لە ساڵانی جەنگی جیهانیدا بەکاریانهێنابوون (  Dr. Steven Luckert, 2016). دزێوکردنی سۆڤییەت و کۆمۆنیزم، وێناکردنیان وەک شاڵاوی ئاگری دۆزەخ و ئەهریمەن و خوینڕێژ ، وێناکردنی جووەکان وەک مرۆڤی شێواوو ناحەزو خۆپەرست ، دروستکردنی لۆگۆیەکی سادە بۆ حیزب، خاچێکی چەماوەی ڕەش لەسەر باکگراوندێکی سوورو سپی ( خاچەکە سیمبوڵی ئاینی کرستیان و چەمانەوەکە وەک هێمای هێزو خۆڕاگری) . دیزاینی ئەو لۆگۆ سادەیە نیشانەی زیرەکی و کارامەیی هیتلەر بوو لە هەڵسەنگاندی سروشتی خەڵکی سادەو ئاپۆرای جەماوەریدا. کە ملیۆنان خەلک بەیەکجار بینینی وێنەکەی لە مێشکیاندا دەچەسپی و لەهەر سات وجێیەکدا بەرچاویان بکەوتایەتەوە بە ئاسانی دەیانناسییەوە.  لەو تەکنیکانەی تر کە نازییەکان لەپڕۆپاگەندەی سیاسیدا سوودیان لێ بینی، بەکارهێنانی بڵندگۆو سینەماو رادیۆ بوو، کە هەرسێکیان بۆ ئەو سەردەمە تەکنەلۆژیای نوێ بوون وبەدەگمەن حیزبەکانی تر پەنایان بۆ بردبوون. جگە لەوانە نازییکان سوودێکی زۆریان بینی لە کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی گرووپ و دەستەی بچووکی خۆبەخشان و گردبوونەوە جەماوەرییەکان . دێواندنی سۆڤیەت و قەبەکردن و وروژاندنی ناخی ئەڵمانەکان لەبەرامبەر مەترسییەکانی کۆمۆنیزمدا ،  قاودانی میللەتی ئەڵمانی بە گوتاری ئاگرین و توندڕەو، پیاهەڵدانی  ئازایەتی و بلیمەتیی خەلکی ئاری نەژادی ڕەسەن ( پرچ زەردی چاو شین و سورو سپی) ، بانگەشەی پەیمان وبەڵێنی پەڕگیری وەک: ڕزگارکردنی میللەت لەدەس هەژاری وگەندەڵی ونائومێدی ، بونیادنانی ئەڵمانیایەکی مەزنی خاوەن سەروەت وسامان، پابەندنەبوون بە پەیمانی ڤێرسای کە بڕیاری پێبژاردن و قەرەبووکردنەوی زەرەروزیانی وڵاتانی بەسەر ئەڵمانیای دۆڕاوی جەنگدا سەپاندبوو)هتد.... ئەوبابەتانە نموونەی ناوەڕۆکی زۆربەی هەرەزۆری گوتارەکانی هیتلەرو میدیای نازییەکان بوو . ئاکامی کۆی ئەو هەوڵ و کۆششانەی هیتلەرو هاوڕێبازەکانی لە ماوەی تەنها 4 ساڵدا، لە هەڵبژاردنەکانی سالی  1932 دا بەدەسهێنانی 230 کورسیی بوو لە پەرلەمان ، بەوەش لە ناو 30 حیزبی ئەڵمانیادا بوو بە حیزبی یەکەم و بێ ڕکابەر. هەروەک خۆی دەیگوت ( پڕۆپاگەندە منی گەیاندە کورسیی دەسەڵات و پڕۆپاگەندەش لە دەستەڵاتدا هێشتووینیەوە، هەر بە پرۆپاگەندەش دەتوانیین سەرتاسەری جیهان بگرین !) . لە ساڵی 1933 دا  پرۆپاگەندەی سیاسی هیتلەری گەیاندە سەرکورسیی ( ڕاوێژکار/ سەرۆک وەزیران) ی ئەڵمانیا. هەر پاش دەسەڵاتگرتنەدەس هەموو جومگەکانی دەوڵەت وژیانی مەدەنی ، ئابووری وکەلتوری، سەرباری جومگەکانی سەربازی ، ئاسایش ، سیاسەت وکارگێڕی، کەوتنە ژێر ڕکێفی تاکە حیزبی ڕێگەپێدراوی نازی. ئیدی سەردەمێکی تاڵ و خوێناوی سەریهەڵداو کۆتایی بە گشت ئەو دەرفەتانە هات کە بوونە پەیژەی هەڵزنانی هیتلەر بە سەر بەهاکانی دیموکراسیدا بۆ گەیشتن بە لووتکەی دەسەڵاتێکی عەسکەرتاریی دیکتاتۆری و ڕەگەزپەرست و پاوانخوازی تاک حیزبی.

باسوخواسی پرۆپاگەندەی سیاسیی نازییزم بەتایبەتی لە سەروبەندی هەڵگیرسانی دووەمین جەنگی جیهانی،  ( ئەنتی سۆڤییەت ) و دژە کۆمۆنیزم و ڕسواکردنی ئەمەریکاو بەریتانیاو فرەنساو هاپەیمانەکانیان و بەتایبەتی تریش دژ بە (جووەکان) و ڕێخۆشکردن بۆ لەناوبردن و پاساوهێنانەوە بۆ قڕکردنیان و هتد... وتارو نووسینی زۆر تایبەتیان پێویستەو بەداخەوە کە لەم وتارەدا جێیان نابێتەوە، بەڵام هەوڵدەدەم لەچەند خاڵێکدا گرنگترین و بەرچاوترین پرنسیپ و کۆڵەگەکانی پرۆپاگەندەی نازیزم بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی ئەم زنجیرە وتارە :

* جەماوەر بوونەوەرێکی عاتیفییەو زۆر بە ئاسانی بە پرۆپاگەندەی بەرنامە بۆ دارێژراو دەتوانرێت گەمە بە هەست و سۆزی بکرێ و لەڕێی وروژاندنی ناخیانەوە کۆنترۆڵی هزر و ڕەفتاریان ئاسانە . پێویستە ئەم خاڵە لاوازەی جەماوەر بخرێتە خزمەتی بە ئەفسانەکردنی هەندێ دیاردەو کەس و ڕووداو... پێویستە سەرکردەکانی خۆت وەک قارەمان و فریادڕەسی ئەفسانەیی  نمایش بکەیت و ڕەهەندێکی ئایینی و عاتیفی بە کردەوەکانیان ببەخشی و بەرگی پیرۆزییان بەبەردابکەی . سەرکردەو ڕابەرەکانی دوژمنیش تووڕدە بۆ ناو دۆزەخ و وەک دڕندەو خوێنمژو ماری حەوت سەری ناو ئەفسانەکان وێنایان بکە. ترست نەبێ ... خەڵكێکی زۆر بڕوات پێدەکەن و هەرچی تۆ پیرۆزتکردوون لای ئەوانیش بێ پرس و گومان پیرۆزدەبن . هەرچی تۆ بەنەفرەتت کردوون لای ئەوانیش بێ دوو دڵی ئەهلی دۆزەخن !

* هەواڵ بابەتێکی سادەو بێگەرد نییە . هەواڵ دەبێ بەو ئامانج ومەبەستانەی کۆششیان بۆ دەکرێت بارگاوی بکرێت و بەجۆرێ دابڕێژرێت کە خزمەت بە ئامانجی دوور و نزیکت بکات .

* داڕشتنی ( عەقیدە – بڕوایەکی پتەوو نەگۆڕ ) کە چەمک و ئامانجە بنەڕەتییەکانی حیزبی لەخۆگرتبێ و بە پیرۆز ڕایانبگرێ . بەردەوام خەبات و تێکۆشانیش  بۆ ئەوە بێ کە ( عەقیدەی حیزب ) بکرێتە ( عەقیدەی زۆرینەی میللەت).

* پەرت پەرتکردنی ڕیزەکانی دوژمن و ئاژاوە نانەوە لەناویاندا. بایەخدان بە ئێش و ئازارو داواکاریی کەمینە ناڕازی و سەرکردە یاخی و گەندەڵەکان و جوانکردنی وێنە و ناوبانگی ئەو کەس وگروپە دژەکۆمەڵانەی دەروونیان پڕە لە بوغزو کینەو مەیلی خۆێنڕێژی و تۆڵەسەندنەوەیان هەیە. مسۆگەر ترین ڕێگە بۆ ئاژاوە خستنە ناو ماڵی نەیارەکان و لاوازکردن و داڕمانی قەڵای سەختی دوژمن بریتییە لە بەگژ یەکدا کردن : هەژاران بە گژ دەوڵەمەنداندا ، دەوڵەمەندان بە گژ یەکترو بەگژ حکومەتەکانیاندا، نەوەی نوێ بەگژ نەوەکانی پێشخۆیدا، بەها نوێیەکان بەگژ بەها کۆنەکاندا، سەرکردە لاوەکان بە گژ سەرکردە مێژووییەکاندا.

* دووبارەو سەدبارەکردنەوە ڕێگەیەکی سەختە بەڵام ڕێگەیەکی مسۆگەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان. هیتلەر بڕوای وابوو کەنیسەی کاسۆلیکی تەنها لەڕێی دووبارەکردنەوەی هەمان پەیامەوە توانیوییەتی بۆ ماوەی  نزیکەی دوو هەزار ساڵ بەردەوامی بەخۆی بدات. دیاریکردنی یەک ئامانج و یەک ( گۆڵ ) لە ماوەیەکی دیاریکراودا. تەیارکردن و ئاراستەکردنی هەموو تواناکان بۆ ئەو ( گۆڵە ) و پەرتنەکردنی تواناکان و تێکەڵ نەکردنی ( گۆڵەکان ) پرنسیپی پرۆپاگەندەی سیاسیی نازییەکان بوو. لەسەرەتادا بوونە هاوپەیمانی حیزبە کۆنەخوازو بۆرژواکان لە دژی مارکسییەکان، پاشان بوونە هاوپەیمانی نەتەوەپەرستە ڕاستڕەوەکان لەدژی بۆرژواکان ، دواتریش نەتەوە پەرستەکانیان بێکەس کوژ کردو لەناویان بردن.

نەخشەداڕێژی ئەم پرنسیپ و بنەمایانە، کەسێک بوو بە ناوی دکتۆر پاۆل جوزێف گۆبڵز ( 1897 ــ 1945 ) کە لەماوەی نێوان ( 1933 تا 1945 ) وەزیرو بەرپرسی یەکەمی (پرۆپاگەندە)ی سەردەمی حوکمی ئەدۆڵف هیتلەر بوو. گۆبڵز دکتۆرای هەبوو لە فەلسەفەو ئەدەبدا، نزیکترین کەسبووە لە خودی هیتلەرەوە. هەرچەند لە سەرەتادا ڕازی نەبووە هیتلەر ببێتە ئەندامی حیزبی نازی، بەڵام دواتر بوو بەو ئامڕازو پەیژەو بڵندگۆیەی هیتلەری گەیاندە لووتکەی هەڕەمی دەستەڵات و بە پەیڕەوکردنی وردی بنەماکانی پڕۆپاگەندەی نازی و کارامەییەکانی لە گوتاردان و سازدان و بەڕێخستنی نمایشی جەماوەرییدا توانیی هیتلەر وەک تاکە فریادڕەس و پاڵەوانی ئەفسانەیی بە میللەتی ئەڵمانی بناسێنێ و متمانەی زۆرینەیانی بۆ بەرژەوەندیی حیزبەکەی مسۆگەر کرد.

گۆبڵز وتەیەکی زۆر باوو بیسراوی هەیە کە دەڵێت :  درۆ بکە درۆ بکە تا بڕاوت پێدەکەن ! هەر لەسەر ئەو بنەمایە هیتلەر ( تیۆریی درۆی مەزن ) ی داهێنا کە گوایا جووەکان دوژمنی مێژوویی باوەکوشتەی ئەڵمانە ئاری نەژادە ڕەسەنەکانن. هیتلەرو گۆبڵز ماشێنە میدییاییەکەی بەردەستیان خستەگەڕ تا بڕوا بە میللەتی ئەڵمان بهێنن کە هۆکاری دۆڕاندنی جەنگی جیهانی و داڕمانی ئەڵمانیاو قەیران و گرانی و کۆی کێشەکانی میللەتی ئەڵمان، جووەکانن ! هەر بەوەشەوە نەوەستان درۆیەکی  ئەفسانەیی و زۆر مەزنیان هەڵبەست کە گوایا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا جووەکان منداڵی ساوای کریستیانەکانیان سەربڕیوەو بە خوێنی ئەو منداڵانە هەویریان بۆ کولێرە شێلاوە تا لە جەژنێکی ئاینییاندا بیانخۆن کە بە ( Passover ) ناسراوە ! (Propaganda in Adolf Hitler).

سەرئەنجام کۆی ئەو هەڵمەتی پرۆپاگەندە بەردەوامەی ماشێنە میدیاییەکەی نازییەکان دژی سامی نەژادەکان (   Anti-Semitism) تیۆرییەکی یەکلاکەرەوەی لێ بەدەستهات بەناوی ( Final Solution for the Jewish question) (دوایین چارەسەر بۆ پرسی جووەکان ) کە ئامانج لێی  قڕکردنی 11 ملیۆن جوو بوو، وەلێ لە جێبەجێکردندا نازییەکان تەنها بەفریای کوشتنی 6 ملیۆن مرۆڤی جوو کەوتن ! (encyclopedia.ushmm.org).