لە هەولێر "دەمامکی کوردانە" دروست دەکرێت

بەرگدرووێک: دەمامکی جامانە تایبەتمەندیی خۆی هەیە
kurdistan24.net

 

K24 – هەولێر

پیاوێک لە هەولێر ماوەی 24 ساڵە کاری بەرگدوورین دەکات، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش دەستی کردووە بە دروستکردنی "دەمامکی کوردانە"، کە لە قوماشی جامانە دروستیان دەکات.

مورشید خورشید، بەرگدروو لە هەولێر باسی ئەوە دەکات بیرۆكەكە ھی ئەو نییە، بەڵام "من گۆڕانكاریم تێدا كردووە". ئەو، لە ماوەی 20 خولەك دەمامكێك دروست دەكات و دەڵێ "ئەم دەمامكە تایبەتمەندی خۆی ھەیە".

هیدایەت شێروانی، گەنجێکی هەولێرە و لەگەڵ براكەی خاوەنی بیرۆكەی دروستكردنی دەمامكن بە جامانە.

ھیدایەت چەندین ساڵە پیشەی فرۆشتنی جامانە و كڵاوی كوردییە لەنێو بازاڕی قەیسەریی هەولێر. دەڵێ "بۆ ھاندانی ھاووڵاتییان و خۆپارێزی و پابەندبوونی زیاتریان بەتایبەت لەنێو بازاڕ، بیرۆكەی دروستكردنی ئەم دەمامكەمان لە لا دروست بووە و بەرگدووریش بۆم دەدوورێ و بەشێکیشی وەك دیاری دەداتە ھاووڵاتییان".

چەند مانگێکە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە و وەزارەتی تەندروستی بەردەوام رێنمایی بە ھاووڵاتییان دەدات بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە.

لەنێو بازاڕ و شەقامەكانی هەولێر، دەبینرێت بەشێكی زۆری هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەكان و لەم ناوەندەشدا بۆ ھاندانی زیاتریان بۆ خۆپاراستن، دەمامك بە شێوازی جیاواز دەكەوێتە بازاڕ و دەمامكی جامانەش یەك لەوانەیە.

 

 

هـ.ر.