بیرانوەند تاوەکو ئێستا گەشتی بەلجیکای نەکردووە

بە هۆی پێنەدانی ڤیازا لەلایەن بالیۆزخانە بەلجیکا لە تاران


عەلی رەزا بیرانوەند، گۆڵپارێزە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئێران بریار بوو چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکیەکان لەگەڵ یانە نوێیەکەی گەشتی بەلجیکا بکات، بەڵام بە هۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەستانی گەشتە ئاسمانیەکان ئەو گۆڵپارێزە تاوەکو ئێستا گەشتەکەی نەکردووە.

ماڵپەری فەرمی یانەی پێرسپۆلیسی ئێران کە گۆڵپارێزە کوردە یارییان بۆ دەکات بڵاویکردووەتەوە، بیرانوەند تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتووش لەگەڵ یانەکەیان بەردەوام دەبێت و دواتر وادەی گەشتەکەی یەکلایی دەکرێتەوە، بە هۆی ئەوەی کە بالیۆزخانەی بەلجیکا لە تاران تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو کارەکانیان هەڵپەساردووە و هیچ ڤیزایەک پێشکەش بە خەڵکی بیانی ناکەن و دوای سەرەتای مانگی داهاتووش وادەی گەشتەکەی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئێران یەکلایی دەکرێتەوە.

بیرانوەند ماوەیەک لەمەوبەر گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانەی ئانترۆپی بەلجیکی واژۆ کرد و ئەو یانەیەش بریارە ئامادەکارییەکانیان دەست پێبکەن و بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە گۆڵپارێزە کوردەکە کردووە پەیوەندیان پێوە بکات، بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی و دەست کردن بە راهێنانەکانی.