قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەکەی عێراق لەدژی داعش دەستیپێکرد

چوار ئامانجی هەیە

K24 – هەولێر

قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عێراق"، بە ئامانجی راوەدوونانی چەكدارانی داعش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە پێنج میحوەرەوە دەستیپێکرد.

عەبدولئەمیر کامیل عەبدوڵڵا شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و، رایگەیاند "بە فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە سەرپەرشتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق – قۆناغی سێیەم دەستی پێکرد".

ئۆپەراسیۆنەکە بەئامانجی کێوماڵکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگای سەڵاحەدین و سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، سامەرا و کەرکووکە.

هەرسێ قۆناغی ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی ناوخۆ و حەشدی شەعبی بووە بە یارمەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کە لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە پاڵپشتییان دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکەی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئامانجیانە لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە ئەنجامی کێوماڵکردنی چوار هەزار و 853 کیلۆمەتر دووجا:

 

  • چەکدارانی داعش و داواکراوەکان دەستگیربکەن
  • بەشوێن حەشارگەکانی داعشدا بگەڕێن
  • پاشماوەکانی شەڕ لە ناوچەکە نەهێڵن
  • ئەمن و ئاسایش لەو ناوچانە مسۆگەر بکەن