بەهۆی کۆرۆنا، ترس باڵی بەسەر خەڵکی سنەدا کێشاوە

"ھیچ كۆڵانێك لەو شارەدا نییە تووشبوویێکی كۆرۆنای تێدا نەبێت"
kurdistan24.net

 

K24 – سنە

ترس و نیگەرانی باڵی بەسەر شاری سنەی رۆژھەڵاتی كوردستاندا كێشاوە و، ئێستا ھیچ كۆڵانێك لەو شارەدا نییە تووشبوویێکی ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا نەبێت.

ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بەردەوام لە زیادبوونە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەرچی خەڵكەكە ئێستا باوەڕیان بە مەترسیداریی دۆخەكە كردووە، ھێشتاش شەقامەكان قەرەباڵغن و ئەوەش بەشێك لە ھاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی نیگەران كردووە.

دۆخی پارێزگاكانی دیكەی رۆژھەڵاتی كوردستانیش لە سنە باشتر نییە، ژمارەی تووشبووان 30 ھەزار كەسی تێپەراندووە و تاوەكو ئێستاش زیاتر لە ھەزار  و 106 كەس گیانیان لەدەستداوە.

تەنیا لە 24 كاتژمێری رابردوودا 39 كەس بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، سەرۆكی زانكۆی پزیشكی سنەش نایشارێتەوە ئەگەر خەڵك خۆپارێزی نەكات، لەداھاتوویەكی نزیكدا ھەموو خێزانێك تووشبوویەكی كۆرۆنای دەبێت.

سەرەڕای ترسی زۆر لە کۆرۆنا، بەڵام بەشێكی ھاووڵاتییان دەڵێن "لەترسەكە تێدەگەین، بەڵام ئەوەی بە رۆژ پەیدای نەكەین بە شەو نییە بیخۆین".

بەرپرسانی پارێزگاكانی سنە، كرماشان و ورمێ دەڵێن رۆژانی دژوارترمان لەپێشە، چونكە ژمارەی تووشبووان لە یەک ھەفتەی رابردوو لەو سێ پارێزگایە، لە ژمارەی تووشبووانی یەك مانگی رابردوو زیاترە، بۆیەش پێشوەختە ھۆشداریان داوە ئەگەر خەڵك خۆیان نەپارێزن، دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و نەخۆشخانەكانیش ناتوانن ھەموو تووشبووانی كۆرۆنا وەربگرن.