جووتیارانی هەڵەبجە داوادەکەن عێراق گەنمی زیاتریان لێ وەربگیرێت

بەغدا تەنیا 20 هەزار تۆن گەنم لە هەڵەبجە دەکڕێت
kurdistan24.net

 

K24 – هەڵەبجە

بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی عێراق، بڕی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی ھەڵەبجە 20 ھەزار تۆنە، بڕەکەش لەچاو بەرھەمی ساڵانەی جووتیاران زۆر کەمە، بۆیە گرفتی مانەوەی بڕێکی بەرهەمی گەنمیان ھەیە.

سایلۆی ھەڵەبجە رۆژانە بە خشتەی جیاواز گەنم لە جووتیارانی سنوورەکە وەردەگرێت و، ھەر یەک لە ناحیەکانی: سیروان، خورماڵ، بیارە و بەمۆ گەنمەکانیان دەھێننە سایلۆی ھەڵەبجە.

بەڕێوبەری سایلۆکە دەڵێ ئەو بڕەی بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دیاریکراوە، کە لە جووتیاران بکڕدرێت لەلایەن حکومەتەوە، زۆر کەمە و ناگاتە نیوەی بەرھەمی جووتیارانی ئەم سنوورە.

ساڵانە لەنیوەی مانگی شەشەوە سایلۆکان دەكرێنەوە، بەڵام بەھۆی کەمی کارمەندەوە ئەمساڵ وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی ھەڵەبجە دواکەوت، وا بڕیارە بۆ ھەر دۆنمێک زەوی بەگەنم چێندراوی جووتیاران، ٢٥٦ کیلۆ گەنم وەربگرێت، کە ئەو بڕەش لەچاو بەرهەمیان کەمە، بۆیە داوا دەکەن بڕێکی زیاتر گەنمیان لێ وەربگیرێت.