ڤینیسیۆس سێیەمجارە ریال مەدرید دەکاتە پێشەنگی لالیگا

هەر سێجار یان گۆڵی کردووە یان لێدانی سزای بۆ یانەکەی گرتووە

ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانە لاوە بەڕازیلیەکەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا یاریی دوای یاریی ئاستێکی باشتر لەگەڵ یانەکەی پێشکەش دەکات و لە دوایین یاریی یانەکەشی بەرامبەر ریال سۆسیداد بووە هۆی هەژمار کردنی لێدانێکی سزا بۆ یانەکەی.

یاریزانە لاوەکەی مێرنگی سێیەمجارە دەستێکی باڵای دەبێت لە گەیاندنی یانەکەی بۆ پێشەنگایەتی لالیگا، جاری یەکەمیان گەڕی شەشەمی لالیگا بوو کاتێک یانەکەی بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لە ئۆساسۆنای بردەوە و ئەو یاریزانە یەکێک لە گۆڵەکانی یانەکەی کرد، هەروەها جاری دووەمیان گەڕی 26ی لالیگا و بردنەوەیان لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا بوو کە توانی گۆڵێک لەو یارییە بکات، هەروەها کۆتا جاریش یارییەکەی بەرامبەر ریال سۆسیداد بوو کە توانی لێدانێکی سزا بۆ یانەکەی بگرێت.

ڤینیسیۆس لەم وەرزە لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان لەگەڵ یانەکەی بەشداری 31 یاریی کردووە و توانیویەتی چوار گۆل و چوار ئاسیست بۆ یانەکەی تۆمار بکات و هەروەها لە کلاسیکۆی گەڕانەوەش توانی ببێتە لاوترین گۆڵکاری کلاسیکۆ.