دوو په‌رله‌مانتاری پارتی داوای پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران له كازمی ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
له نووسراوێكدا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه و دوو ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمییان كردووه. داوا كراوه شایسته داراییه‌كانی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات.
ساڵانی (2014، 2015، 2016) جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان گه‌نم و دانه‌وێڵه‌یان راده‌ستی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق كردووه و تا ئێستا پاره‌ی ئه‌و بڕه دانه‌وێڵه‌یان وه‌رنه‌گرتووه كه راده‌ستیان كردووه.
به گوێره‌ی زانیاری دوو په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه پێویسته وه‌ك شایسته‌ی دارایی بدرێته‌وه به جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان (557) ملیار دیناره و تا ئێستا خه‌رج نه‌كراوه.
هه‌ریه‌ك له نه‌هرۆ قادر و مه‌یاده محه‌مه‌د نه‌جاڕ، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مڕۆ (22ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2020) به نووسراوی ره‌سمی داوایان له مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه، ئه‌و شایسته داراییه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان.
له نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه، خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه پێویست به دابینكردنی بودجه ناكات، چونكه پێشتر ئه‌و پاره‌یه بۆ وه‌زاره‌تی بازرگای خه‌رج كراوه و پاره‌كه له ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی بازرگانیدایه و ته‌نیا ماوه‌ته‌وه فه‌رمان به خه‌رجكردنی بكرێت.