ئالان حه‌مه‌سه‌عید: مه‌رج نییه هه‌موو مووچه‌خۆرێك %21ی مووچه‌كه‌ی كه‌مبكرێته‌وه

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئالان حه‌مه سه‌عید رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم داوایكرد و فه‌رمانیكرد به زووترین كات ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه بكرێت و كاری ته‌كنیكی خۆتان ته‌واو بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به بڕیاری كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باره‌ی ده‌ستكاریكردنی مووچه‌وه، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵ"ی كوردستان24، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئێمه كورتهێنانمان هه‌یه له بودجه‌ی پێویست بۆ شایسته داراییه‌كانی مووچه‌خۆران. ئه‌مه‌ش سێ هۆكاری هه‌یه، یه‌كه‌میان: له به‌غداوه پاره وه‌ك پێویست نه‌هاتووه. دووه‌میان: به هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ. سێیه‌میش به هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه بوو. بۆیه تووشی كورتهێنان بووین و ناچار بووین مووچه دابڕێژینه‌وه له به‌ر رۆشنایی داهاته‌كانمان.
ئالان حه‌مه‌سه‌عید، گوتیشی: ئێمه 500 ملیۆن دۆلار داهاتمان له‌به‌ر ده‌ست بوو. 22 كاتژمێر گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كراوه. هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه به یه‌ك تیم و به یه‌ك ئاست و له ئاستی یه‌ك به‌رپرسیارێتی كارمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه دابین بكرێت. له رووی ته‌كنیكییه‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت، كورتهێنانمان بریتییه له %35. به‌و پێیه‌ی 755 ملیۆن دۆلار بڕی پێویستی مووچه‌یه. ئێمه 500 ملیۆن دۆلارمان هه‌بوو، واته 255 ملیۆن دۆلار كورتهێنان هه‌بوو.
سه‌باره‌ت به چۆنێتی ده‌ركردنی بڕیاره‌كه، گوتی: له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران زۆر گفتوگۆمان كرد و به هه‌موومانه‌وه وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئه‌و بڕیاره‌مان ده‌ركرد و هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌مان له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوو. ده‌بوایه %35 له مووچه كه‌مبكه‌ینه‌وه. سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان خودی خۆی وتی ئه‌و بڕه زۆره و هه‌وڵده‌دات قه‌رزێكی 100 ملیۆن دۆلاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕه كه‌مبكرێته‌وه.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ورده‌كاری زیاتری خسته‌ڕوو و گوتی: ئێمه یه‌كه‌مجار له پله باڵاكانه‌وه ده‌ستمان پێكرد و وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، مووچه‌ی خۆمان دوو مانگه كردووه‌ته نیوه و ئه‌و بڕیاره چه‌سپێنرا به‌سه‌ر مووچه‌ی پله‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی دیكه و پله باڵاكان و پله تایبه‌ته‌كان. له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه تا به‌ڕێوبه‌ری گشتی و سه‌رجه‌م پله تایبه‌ته‌كانی (أ.ب)ی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی كه‌مكرایه‌وه. به‌ڵام كه‌سوكاری شه‌هید و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوه‌نپێداویستییه تایبه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌ی له 300 هه‌زار دینار كه‌متریان هه‌یه ده‌ستكاری مووچه‌یان ناكرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌م بابه‌ته‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ری بڕیار درا، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی، بۆ نموونه، بوجه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئه‌م مانگه، گریمان 150 ملیار دیناره و حكومه‌ت ده‌توانێت ته‌نیا ئه‌م مانگه %79ی دابین بكات. ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌كان و خۆیان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دادپه‌روه‌رانه ئه‌و مووچه‌یه دابه‌ش بكه‌ن. بۆ نموونه له په‌روه‌رده 10 پله‌ی مووچه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی له پله‌ی 10یه‌م مووچه نه‌بڕین، له پله‌ی نۆیه‌م له %5 ده‌بڕدرێت و له پله‌ی هه‌شته‌م %12 ده‌بڕدرێت له پله‌ی حه‌وته‌م %16 ده‌بڕدرێت. واته مه‌رج نییه هه‌موو فه‌رمانبه‌ر و مووچه خۆرێك %21ی لێ كه‌مبكرێته‌وه. بۆ نموونه له وه‌زاره‌تێكی دیكه، پێویستی به 21 ملیار دینار بوو، %21ی لێ كه‌مكراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی دیكه خۆیان ده‌توانن دایبڕێژنه‌وه و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه پاراستنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له پله (10، 9، 8، 7). یه‌كێك له پله 5ه ره‌نگه رێژه‌ی زیاتری لێ كه‌مبكرێته‌وه له‌وه‌ی له پله 6 و 7 كه‌مده‌كرێته‌وه. واته ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌ته به مه‌رجێك له دادپه‌روه‌ری لانه‌دات و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌و توێژانه زیانیان به‌رنه‌كه‌وێت. بۆ نموونه فه‌رمانبه‌رمان هه‌یه له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ نموونه 470 هه‌زار وه‌رده‌گرێت، ره‌نگه ته‌نیا 24 هه‌زاری لێ كه‌مبكرێته‌وه. جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی كرد به زووترین كات ده‌ستبكه‌ن به دابه‌شكردنی مووچه بۆ مووچه‌خۆران و ئیشی ته‌كنیكی خۆتان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ته‌واو بكه‌ن.
ئالان حه‌مه سه‌عید، گوتیشی: ئه‌م بڕیاره به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به یاسای چاكسازییه‌وه نییه. یاسای چاكسازی رۆژی 2ی ته‌مموزی 2020 جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئه‌مه‌ی كراوه رێكارێكی كاتییه بۆ ئه‌م مانگه بۆ ئه‌وه‌ی گونجاندن بكه‌ین له نێوان داهات و خه‌رجییه‌كان.