باڵیۆزی بەریتانیا بە حەسرەتە بۆ ناوبانگی عێراق

"عێراق شایەنی ئەوە نییە بە هێرش و مووشەک لە جیهان بناسرێت"

K24 - بەغدا

لە رووداوێکدا کە هەفتانە دووبارە دەبێتەوە، ئێوارەی دوێنێ مووشەکێکی جۆری کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کرا، ئەم رووداوە باڵیۆزی بەریتانیای لە بەغدا نیگەران کردووە و دەڵێ "عێراق شایەنی ئەوە نییە بەو هێرش و مووشەکانە بناسرێت".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە توویتێکدا ئاشکرای کرد مووشەکێکی کاتیۆشا لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کەوتە خوارەوە بەبێ ئەوەی زیانێکی وای هەبێت، ئەوەی لەو رووداوەدا باڵیۆزی بەریتانیای نیگەران کردووە، ناوبانگی عێراقە بەهۆی ئەو هێرش و مووشەکانە.

ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، توویتەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ریتوویت کردووە و بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی "عێراق شایەنی ئەوەیە بەهۆی رۆشنبیریی و مێژووە دەوڵەمەندەکەی و جوانیی سرووشتەکەی لە جیهان بناسرێت، نەک بە ئاراستەکردنی مووشەکی کاتیۆشا، وەک ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرا، کە ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و زیان بە ئابووری و ناوبانگ و سەروەریی عێراقیش دەگەیەنێت".

مووشەکە کاتیۆشاکە، لە گوندی دەهنە لە باکووری قەزای ئەبوغرێب ئاراستەی فڕۆکەخانەی بەغدا کرابوو.