ئاری هەرسین: لێکتێگەیشتنی زۆر باش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە

بەرپرسی لقی چواری پارتی ڕایگەیاند، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هاتووەتە ئاراوە.
شەممە، 18-01-2025، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە؛ بەمزووانە هەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین."
ئاری هەرسین ئاماژەی بەوەش کرد "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پلانێکی تۆکمەوە کار لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی و پێشێلکاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان دەکات."
بەرپرسی لقی چواری پارتی لەبارەی سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆک بارزانی، گوتی "سەردانەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی یەکڕیزی هەوێنی سەرکەوتنی کوردە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا."
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.