گوندێکی سنووری زاخۆ بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە بەتەواوی چۆڵکرا

دوو گوندی دیکەش خەریکە بەتەواوی چۆڵدەکرێن

 

K24 - باتیفا

دوای حەوت رۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە دەڤەری حەفتەنین، تەواوی دانیشتووانی گوندێکی ئەو دەڤەرە ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەتەواوی گوندەکە چۆڵ بکەن.

دوای ئەوەی شەڕ زۆر لە گوندی کەشان لە دەڤەری حەفتەنین نزیکبووەوە و، تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە نزیکی گوندەکە بەردەوام بوو، ژیان لە گوندی کەشان بەتەواوی وەستا، بۆیە خەڵکەکەی ئەمڕۆ بەتەواوی چۆڵیان کرد.

شەڕی گەریلاکانی پەکەکە و تورکیا لەو ناوچە سنوورییەی باشووی کوردستان، زیانی زۆری لە خەڵکی ناوچەکە داوە، شەڕەکە ئەمڕۆش بەردەوام بووە، بەجۆرێک 15 جار چیای خەمتیری تۆپباران کراوە و سێجاریش فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانیان کردووە.

دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا لەمبارەیەوە بە کوردستان 24ـی راگەیاند "گوندی کەشان 15 ماڵی لێیە، بەهۆی تۆپبارانی زۆر لە دوێنێ و پێرێوە بەتەواوی چۆڵکراوە و خەڵکی گوندەکە هەموویان هاتوونەتە باتیفیا و دەوروبەری، ئەمڕۆش ناچاربوون مەڕوماڵاتەکانیشیان بهێنن".

جگە لە چۆڵکردنی ئەو گوندە بەتەواوی وەکو دڵشێر عەبدولستار دەڵێ "دوو گوندی دیکەی ناوچەکە مەترسیی چۆڵکردنیان لەسەرە".
گوندی شیلان لە نۆ ماڵ پێکهاتووە، تەنیا یەک ماڵی لێماوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەوێش بەتەواوەتی چۆڵبکرێت، چونکە ئەو ماڵەی لە گوندەکە ماون، بەردەوام لەوێ نین و هاتووچۆ دەکەن.

هەروەها گوندی بانک، کە شەش ماڵی لێیە و دەوروبەری چەند رۆژێکە بەچڕی بۆردوومان دەکرێت، چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا لەنزیکی، ئەوێش چۆڵ بکرێت.

دڵشێر عەبدولستار جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، هێزەکانی تورکیا بەقوڵایی 10 کیلۆمەتر هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشڕەوییان نەکردووە".

گوندەکانی ناوچەکە ئەمساڵ بەچەندین شێواز زیانی ئابوورییان بەرکەوتووە، سەرەتا بەهۆی پەتای کۆرۆنا، ناوچە گەشتیارییەکانی نزیکیان چۆڵ بوون و ئێستاش بەهۆی شەڕ و بۆردوومان، بەشێکی زۆری جووتیاران ماوەی هەفتەیەک دەبێت نەچوونەتە نێو کێڵگە و باخەکانیان.

 

هـ.ر.