سەرکردەیەکی حەماس: بۆمبارانەکانی ئیسرائیل ڕادەستکردنی لیستی بارمتەکانی دواخستووە

دیمەنێکی غەززە
دیمەنێکی غەززە

سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، بۆمبارانەکانی ئیسرائیل ڕادەستکردنی لیستی بارمتەکانی دواخستووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بارمتانەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن، لەوانەیە سەرباز یان هاووڵاتیی مەدەنی بن.

سەرکردەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (ئەی ئێف پی) ڕاگەیاند، لە هەر ساتێکدا لیستی ناوی ئەو سێ بارمتەیەی بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-01-2025، لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا ئازاد بکرێن؛ ڕادەستی ئیسرائیل دەکرێت. 

ئەو سەرکردەیەی حەماس کە ئەندامی دانوستانەکانی تایبەت بە ئاگربەست بوو لە دەوحە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە "لەوانەیە ئەو سێ بارمتەیە، سەرباز یان هاووڵاتیی مەدەنی بن."

ئەو سەرکردەیەی حەماس باسی لەوەش کرد "ئاڵۆزییەکانی دۆخی مەیدانی و بەردەوامی بۆمبارانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ڕادەستکردنی لیستی بارمتەکانی دواخستووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر و میسر بەردەوامن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە."

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لیستی ئەو سێ بارمتەیەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن، گەیشتووەتە دەستی بەرپرسانی ئیسرائیل. 

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-01-2025، ئیتامار بن گه‌ڤیر، وه‌زیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و وەزیرەکانی حزبەکەی لەنێو کابینەی ناتانیاهۆدا؛ دەستیان لە کار کێشایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 15-01-2025، ئەمەریکا، قەتەر و میسر کە نێوەندگیرییان دەکرد؛ ڕایانگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوەکان ڕێککەوتن.