سه‌رجه‌م پلانه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر بۆ وه‌رزی داهاتوو ئاشكرا ده‌بێت
یانه‌ی هه‌ولێر پلانی نوێی بۆ وه‌رزی نوێی خولی یانه نایابه‌كانی عێراق داده‌ڕێژێت له سه‌ره‌تا گرێبه‌ستی رادان گاسانینی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ی نوێكرده‌وه و بڕیاریشه له ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو ده‌ست به ئاماده‌كارییه‌كان بكات و جگه له یاریزانی پیشه‌گه‌ری بیانی هیچ یاریزانێكی عه‌ره‌ب ناگوازێته‌وه.
عه‌بدوڵڵا مه‌جید سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر له چاوپێكه‌وتنێكی كوردستان24 ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له ناوه‌راستی مانگی داهاتوو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رزی نوێی خولی نایابی عێراق ده‌ستپێده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: كار له‌سه‌ر پلانێكی نوێ ده‌كه‌ین، به‌نیازین 40 یاریزان بانگهێشت بكه‌ین و به‌یه‌ك پێكهاته به‌شداریی له یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان و عێراق بكه‌ین.
عه‌بدوڵڵا مه‌جید هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد ده‌ستبه‌رداری سه‌رجه‌م یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كانی وه‌رزی رابردوو بوونه، هیچیان په‌یوه‌ندییان به یانه‌ی هه‌ولێر نه‌ماوه.
سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌شڵێت: بۆ وه‌رزی داهاتوو هیچ یاریزانێكی عه‌ره‌ب له خوارو و ناوه‌راستی عێراق ناگوازینه‌وه و زیاتر پشت به یاریزانه كورده‌كان ده‌به‌ستین، ته‌نیا 2 تا 3 یاریزانی پیشه‌گه‌ری بیانی له ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌گوازینه‌وه.
یانەی ھەولێر لە خولی نایابی عێراق هه‌ڵگری 4 نازناوی خولی نایابی عێراق، له دوایین قۆناخی ئه‌م وه‌رزه لە كۆی پێنج ته‌نیا 2 یاری برده‌وه و بە شەش خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولی یانە نایابەكانی عێراق ده‌بینرا.