لێدوانێکی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق نووسینگەکانی دابەش کردنی مووچە تووڕە دەکات

یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، تەواوی (پەنجەرە) نووسینگەکانی دابەشکردنی مووچە لە کەرکووک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابەشکردنی مووچەیان ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی لێدوانێکی عەلی عەلاقەوەیە کە گوتبوی ئەو نووسینگانە فەرمی نین.

ژمارەی ئەو نووسینگانەی دابەشکردنی مووچە کە کۆمپانیای 'کی کارد' سەرپەرشتیان دەکات تەنیا لەکەرکووک 240 نووسینگەن، هەروەها لە زۆرینەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەن و بڕیاریان داوە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی دابەش نەکەن تاوەکوو عەلی عەلاق داوای لێبووردن نەکات.

خاوەن یەکێک لە پەنجەرەکانی دابەشکردنی مووچە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە 240 (پەنجەرە) نووسینگەی دابەش کردنی مووچەین لە کەرکووک، دوکانەکانمان دادەخەین و مووچە نادەین، هەموومان ڕێککەوتووین مووچە بەیەک فەرمانبەر نەدەین، با بزانین حکوومەت چۆن کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، "تووڕەییەکەی ئێمە لەسەر لێدوانەکەی عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقە، کە گوتبوی کارەکەی ئێمە نایاساییە و مۆڵەتی حکوومەتمان نییە"، دەشڵێت "ئێمە 15 ساڵ لەمەوبەر مۆڵەتمان لە حکوومەت بە 50 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە، ئایا ئەگەر مۆڵەتەکە یاسایی نییە، ئەو 50 ملیۆنەی ئێمە چی لێهاتووە."

گوتیشی: ئەبێت حکوومەت ئەو کارە ڕاست بکاتەوە، لە ئەمڕۆوە مووچەی فەرمانبەران دادەبەزێت، بەڵام ئێمە مووچە دابەش ناکەین، بۆیە ئەبێت هاووڵاتی بچێت لە 5ـی بەیانییەوە لە بانک نۆرە بگرێت و بەهەر پارەیەکیش ڕازی بێت ئەگەر 'هەزار دیناری بێت یان پارەی دڕاو بێت'."