پسپۆڕان هۆكاری زیادبوونی رێژه‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا ده‌خه‌نه‌ روو

به‌رزترین ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا له‌ پارێزگای سلێمانی توماركراون‌
kurdistan24.net

K24- سلێمانی:

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، رێژەی گیان لە دەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیادی کردووە، ژمارەکانیش بەراورد بە سەرەتای ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزترە، پسپۆڕانی تەندروستیش بەرزبونەوەی رێژەی گیان لەدەستدان بۆ چەند ھۆکارێك دەگەڕێنەوە.

هێرش حه‌یده‌ر، سەرپەرشتیاری رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی دەڵێت: سەرەتای ھاتنی ڤایرۆسەکە ئامارەکانی تووشبووان کەم بوون، بۆیە گیان لەدەستدانیش کەمتر بوو، بەڵام زۆربوونی ژمارەی تووشبووان، خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و توشبونی ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشك و کارمەندی تەندروستی وایکردووە ئامارەکانی گیان لەدەستدانیش بەرز ببنەوە.

بە گوتەی پزیشکان و پسپۆڕان لە مانگەکانی ٣و 4ـدا تا سەرەتای مانگی 5 ئامارەکان زۆر کەمتر بوون، له‌كاتێكدا ئەو رێژە تووشبوونەی ئێستا بە رۆژێك رادەگەیەنرێت لە رابردوودا بە مانگێك رادەگەیەندرا، ھۆکاری سەرەکی زیادبوونی رێژه‌ی تووشبوون و گیان لەدەستدانیش بە کۆرۆنا، بۆ پابەندنەبوونی بەشێك لە ھاووڵاتیان بە رێنماییەکان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

بە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستی لە مانگی ٣و ٤ دا کۆی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی ١٤٠ کەس بووە و ٤ تووشبووش گیانیان لەدەستدابوو، بەڵام لەسەرەتای مانگی ٥ـه‌وە تائێستا، ژمارەکان زۆر بەرز بوونەتەوە، ئامارەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی ٢ ھەزار و 955 کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش نزیکەی ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

H.B