فه‌رهاد ئه‌تروشی: هه‌موو هه‌وڵێكی خۆم دا بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی پارێزگای دهۆك
K24 – هه‌ولێر:
پارێزگاری دهۆك فه‌رهاد ئه‌ترووشی كۆتایی به ماوه‌ی پارێزگاری خۆی هێنا كه شه‌ش ساڵ بوو له‌و پۆسته بوو و له كۆنفرانسێكی میدیاییدا باسی ده‌ستكه‌وت و چالاكییه‌كانی ئیداره‌ی سه‌رده‌می پارێزگاری خۆی كرد و ئاماژه‌ی به‌و كێشه و ئاسته‌نگانه دا كه له‌و ماوه‌یه‌دا رووبه‌ڕووی ئیداره‌ی پارێزگاكه بوونه‌ته‌وه.
ئه‌ترووشی گوتی: پێش شه‌ش ساڵ له 12ی حوزه‌یرانی 2014 وه‌ك پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ستبه‌كار بووم له پۆستی پارێزگار و له‌و كاته‌وه به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه له كاردابووم بۆ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆك.
گوتیشی: له 1014ه‌وه كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ له ئاستی عێراق و هه‌رێمی كوردستان هاتنه ئاراوه، له‌وانه بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن به‌غداوه، كه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر راپه‌ڕاندنی كاری ئیداره‌ی پارێزگاكه هه‌بوو و له ناوه‌ڕاستی هه‌مان ساڵیش داعش سه‌ری هه‌ڵدا و شاری مووسڵ‌یان داگیر كرد و بوونه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جیهان به گشتی.
هه‌روه‌ها گوتی: به هۆی داگیركردنی مووسڵه‌وه شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی ئاواره روویان له پارێزگای دهۆك كرد، كه له پێكهاته‌ی ئاینی جیا بوون و ئه‌و كاته ژماره‌یان نزیكه‌ی 700 هه‌زار ئاواره بوو، ئه‌مه‌ش فشارێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پارێزگاكه درووست كرد.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ئه‌ترووشی باسی له‌و چالاكی و پڕۆژانه كرد، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌كان له دهۆك ئه‌نجامدراون و گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگانه نه‌بوونایه پارێزگاكه له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا پێشكه‌وتنی زیاتری به‌خۆوه ده‌بینی.
فه‌رهاد ئه‌تروشی سووپاس و پێزانینی خۆی بۆ خه‌ڵكی دهۆك دووپاتكرده‌وه، كه له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌یان.
هه‌روه‌ها سووپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی و سه‌رۆكی كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، كه ئێستا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه كرد و سوپاسگوزاری خۆیشی بۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ی لێی كردووه.
ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك له به‌یاننامه‌یه‌كدا، واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری نوێی دهۆكی راگه‌یاند.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، پێش نیوه‌ڕۆی پێنجشه‌ممه 25ی حوزه‌یران ئه‌نجوومه‌نه‌كه كۆده‌بێته‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ دهۆك.
له به‌یاننامه‌كه روونكراوه‌ته‌وه، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگاری ئێستای دهۆك، فه‌رهاد ئه‌ترووشی په‌سند ده‌كرێت و دواتر ده‌نگده‌درێت بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.
پوخته‌ی وتاره‌كه:
له 12ی حوزه‌یرانی 2014ه‌وه به‌و په‌ڕی ئه‌مانه‌ت و دڵسۆزییه‌وه كارم كردووه بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی پارێزگای دهۆك. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خه‌ڵكی خۆمان رازی بكه‌ین و ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ی له لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستان خراوه‌ته ئه‌ستۆمان جێبه‌جێی بكه‌ین.
پێش هه‌ڵبژاردن و دوای هه‌ڵبژاردن پلان و به‌رنامه‌ی خۆمان بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك دانابوو. چه‌ند خاڵێكی گرنگ پێویسته روونیان بكه‌مه‌وه بۆ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی دهۆك:
1- له 2014ه‌وه تاكه پارێزگار بووم كه به هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆ له لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه ببمه پارێزگار و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی پێش من و دوای من دێن، راسته‌وخۆ ده‌ستنیشان كراون و ته‌نیا خولی من نه‌بێت، كه به ده‌نگی راسته‌وخۆی خه‌ڵك و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بوومه‌ته پارێزگار.
2- چه‌ندین قه‌یرانی مه‌زن له 2014ه‌وه سه‌ریان هه‌ڵدا و ئه‌و شه‌ش ساڵه‌ی رابردوو، چه‌ندین رووداوی گه‌وره‌یان تێدا روویدا و ئێمه وه‌ك به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان كه‌وتینه ناو ئه‌و قه‌یرانانه. بۆ نموونه له ده‌ستپێكی 2014 بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕا و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كاری حكومه‌ت كرد و تا راده‌یه‌ك په‌كیخست. هه‌روه‌ها له حوزه‌یران داعش مووسڵی داگیركرد و كردیه پایته‌ختی خیلافه‌تی خۆی و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی مووسڵ و دهۆك درووست كرد.
رۆژی 26ی حوزه‌یران دوای ده‌رچوونی مه‌رسوومی هه‌رێمی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستم به‌كار كرد.
دوای داگیركردنی مووسڵ، ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره و په‌نابه‌ری نه‌ته‌وه و ئاین و ئاینزا روویان له دهۆك كرد و ژماره‌یان له‌و كاته 700 هه‌زار كه‌س بوو و ئه‌مه‌ش فشارێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پارێزگای دهۆك درووست كرد و دوای ئه‌وه‌ش به‌ره‌یه‌كی نوێی شه‌ڕ درووست بوو.
حكومه‌تی عێراق هێرشێكی ناڕه‌وای كرده سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و كیانی هه‌رێمی كوردستان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه و ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش رووداوه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر و راده‌ستكردنی كه‌ركووكی به‌دوادا هات و ئه‌وه‌ش ئاسته‌نگی گه‌وره بوون و سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانانه، داعش قه‌یرانی ئه‌منی درووستكرد و قه‌یرانی ئاواره قه‌یرانی مرۆیی درووست كرد و قه‌یرانی سیاسیش درووست بوو، كه پیلانگێڕی بۆ له‌ناوبردنی هه‌رێمی كوردستان و له ئاستی ناوخۆش كێشه‌ی سیاسی هه‌بووه و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌بووه. له‌و ماوه‌یه‌دا دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدران و له هه‌رێم 7 مانگ كاتی پێویست بوو تا حكومه‌ت پێكبێت و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیداره‌ی ئێمه هه‌بووه وه‌ك پارێزگا. پاشان قه‌یرانێكی دیكه‌ی زۆر گه‌وره كه قه‌یرانی كۆرۆنا بوو له هه‌رێمی كوردستان هاته‌ئاراوه و ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی دیكه زیاتر بكات و قه‌یرانی ته‌ندروستیش هاته ئاراوه، ئێمه‌ش وه‌ك به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئێمه هه‌بوو. راسته ره‌نگه بوترێت نه‌توانرا وه‌ك پێویست كار بكرێت، ئێمه پلان و به‌رنامه‌ی خۆمان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و قه‌یرانانه رێگر بوون له جێبه‌جێكردنی هه‌موو پلانه‌كان.
له كارنامه‌ی خۆماندا جه‌ختمان له‌سه‌ر سه‌قامگیری سیاسی كردبوو، خۆشبه‌ختانه له دهۆك له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی سه‌ركه‌وتووبووین له‌و باره‌یه‌وه و كارمان له‌سه‌ر كردووه.
خزمه‌تگوزاری به گشتی له كارنامه‌ی ئێمه‌دا پشكی شێری هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌و قه‌یرانانه رێگر بوون و یه‌كێك له خاڵه‌كانی دیكه‌ی كارنامه‌مان هه‌ماهه‌نگی بووه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و خۆشحاڵم كه باشترین هه‌ماهه‌نگیمان هه‌بووه و هه‌موو یه‌كه ئیدارییه‌كان جێی سووپاس و پێ‌زانین و سه‌ركه‌وتوو بوون له ئه‌ركی خۆیان.
ئێمه زۆر كارمان له‌سه‌ر سه‌وزایی و پاكوخاوێنی دهۆك كرد و ئه‌و كاره راسته‌وخۆ له‌ژێر چاودێری خۆمدا و له‌گه‌ڵ شاره‌وانی كاری گه‌وره و جوانمان ئه‌نجامدا.
هه‌ندێك پڕۆژه‌ی ستراتیژیمان ده‌ستپێكردووه له‌وانه پڕۆژه‌ی پاڵاوتنی دهۆك، كه زه‌وی بۆ ته‌رخانكراوه و پیشه‌سازی ئۆتۆمبێل له قۆناغی جێبه‌جێكردندایه. كانی سپی جێگه‌یه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی كارگه‌ی خواردنی لێ بكرێته‌وه. هه‌وڵی مه‌زنمان دا تونێلی زاخۆ به كوالێتییه‌كی باش بكرێته‌وه و ئه‌نده‌رپاس و ئۆڤه‌ر پاس درووست كراون و رێگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه و پڕۆژه‌ی زۆرمان ئه‌نجامداوه و زۆر بایه‌خمان به رێگه و بان دا. زۆر بایه‌خمان به كشتوكاڵ دا و پشتیوانیمان له جوتیارانی خۆمان كرد و ئه‌و شوێنانه‌ی پێویستیان به ته‌سویه بوو، كێشه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر كردوون. له رووی هونه‌ری و رۆشنبیرییه‌وه زۆر كتێبمان به چاپ گه‌یاندووه و فێستیڤاڵی سینه‌مای دهۆك هه‌نگاوی باشی ناوه. فڕۆكه‌خانه‌ی دهۆك پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژییه و كێشه‌ی زه‌وی چاره‌سه‌ر كراوه و قه‌ره‌بووی خاوه‌ن زه‌وییه‌كان كراوه‌ته‌وه. پڕۆژه‌ی پاركی مه‌زن، كه 700 دۆنمه له قۆناغی كۆتاییدایه و هیوادارم جێبه‌جێ بكرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانانه‌ی به‌سه‌رماندا هاتووه، توانیومانه ئه‌و چالاكییانه ئه‌نجام بده‌ین.
له كۆتاییدا ده‌مه‌وێت پڕ به دڵ سوپاسی خه‌ڵكی دهۆك بكه‌م، كه پشتیوان و به‌سه‌بر بوون له‌گه‌ڵمان. سوپاس بۆ ئارامگرتنیان و پشتیوانیان له رۆژانی زه‌حمه‌ت و ناخۆشدا و خۆڕاگری ئه‌وان خۆڕاگرییه‌كی مه‌زن بوو.
سووپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌م، كه منی بۆ ئه‌و پۆسته كاندید كرد بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆم بكه‌م.
سووپاس بۆ هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك كه هه‌تا راده‌یه‌كی زۆر پشتیوانی ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك بوون.
سووپاس بۆ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگه پشتیوانی ئێمه بوون. به تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا.
سووپاس بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، كه له‌م چه‌ند مانگه كارم له‌گه‌ڵ كرد و شانازییه‌كی گه‌وره بووم بۆم كار له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بكه‌م و پێنج ساڵیش له‌گه‌ڵ كابینه‌ی هه‌شت كارم كردووه و سووپاس بۆ سه‌رۆكی ئه‌و كاتی حكومه‌ت، نێچیرڤان بارزانی.
سووپاس بۆ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به دڵ سووپاسی ده‌كه‌م، كه منی بۆ ئه‌و پۆسته كاندید كرد و پشتیوانی لێ كردم و جارێكی دیكه سووپاس بۆ خه‌ڵكی دهۆك و سووپاس بۆ هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و هیوادارم قه‌یرانی ته‌ندروستیی كه ره‌وشی خه‌ڵكی تێكداوه به زوویی كۆتایی پێ بێت.