شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە

گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی شایستە داراییەکان بەردەوامن

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-6-2020) كۆبوونەوەی فراوان لەنێوان شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

لە کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان هەردوولاشدا كە لە میوانخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرا، گفتوگۆ لەبارەی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تایبەت بەپرسەكانی نەوت و وزە، خەرجی و داهاتەكان، شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم و دەروازە سنوورییەكان كرا.

هه‌روه‌ها بڕیار درا: كۆبوونەوەكان بەردەوام بن، بەئامانجی گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی گشتگیر بۆ كێشەكان.