عێراق تەنیا یەک لەسەر دەی گەنمی جووتیارانی کوردستان دەکڕێت

جیاوازی دەکات، چونکە هەموو بەرهەمی گەنمی جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکڕێت


k24 - رانیە

ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق 389 ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکڕێت، بەڵام بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان نزیکە لە دە ھێندەی.

ماوەی دوو ھەفتەیە سایلۆکانی ھەرێمی کوردستان دەرگاکانیان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کردووەتەوە، کەچی پرۆسەکە بەدڵی جووتیاران نییە، چونکە لەنێوان جووتیارانی ھەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، جیاوازیێکی زۆر کراوە.

حکومەتی عێراق ساڵانە تەواوی گەنمی جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکڕێت، لەبەرامبەردا کەمتر لە چارەگێکی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان دەکڕێت.

کەمال موسلیم، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت ھۆکاری ئەو جیاوازییە سیاسییە و لە ھەوڵدان لەو کابینەیەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

بۆ ئەمساڵ، چەندیێتی و چۆنیێتی بەرووبوومی جووتیارانی سنووری راپەڕین زۆر باش بووە، جگە لە جووتیارانی پشدەر، 54 ھەزار تۆن گەنم، بەرھەمی جووتیارانی دەشتی بیتوێن دەبێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کۆی ئەو بڕە گەنمەی ئەمساڵ لەتەواوی سنووری راپەڕین لە سایلۆ لێیان وەردەگیرێ، کەمترە لە نیوەی ئەو بڕە بەرهەمهاتووە.

 

هـ.ر.