هێڤیدار ئه‌حمه‌د: پێویسته‌ داهاتی ملیۆنان دۆلاری خاڵه‌ سنوورییه‌كانی باشماخ و په‌روێزخان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت

خوا ئه‌وانه‌ بگرێت بوونه‌ هۆی روودانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر

K24 – هه‌ولێر:

هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ناڕەزایەتیـیەکان بۆ کەمکردنەوەی موچە لەنێویشیاندا ناڕەزایەتیـیەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "با ئەوان پارەی گومرگەکانی باشماخ و پەروێز خان بهێنن، هەموو رۆژێک بە ملیۆن دۆلار پارە دەبەن لەوێ ئەو پارەیە بهێننە خەزێنەی حکومەت بۆ ئەوەی پارەی خەڵکی پاشەکەوت نەکەین پارەی ئەو نەوتە بهێنن ئەوەی کە لە کەرکوک دەیفرۆشن بە دزی و تاڵانی با بهێننە خەزێنەی حکومەت، داهاتەکەی دەدەینە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان. زۆرترین موچەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانییە، ئەگەرچی جێگری سەرۆکی حکومەت لە یەکێتیە بەڵام ئەوانەی ئەو پارەیە دەدزن نایدەنە کاک قوبادیش ئێمە باش لەوە تێدەگەین."

"ئێستاش ئەو قسەیە دەخوات کە یەکێتیەکان بۆ بەغدادیان کرد.

لە سەرەتای وتووێژەکەدا هێڤیدار ئەحمەد وتی: "لە هەرێمی کوردستان واقعێک هەیە ئێمە هەموو کاتێک کە باسی موچە دەکەین، باسی هۆکارەکە دەکەین کە بڕینی موچە و بودجەی کوردستان بوو لە ساڵی 2014 لە عێراق لەسەر داوای ئەندامێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو کە چوو لە مالیکی پاڕایەوە و وتی توخوا موچەی کوردستان ببڕن بۆ ئەوەی خەڵک لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپەڕێت, بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەناو بچێت، ئەمە قسەی ئێمە نییە، قسەی "بەڕێز شێخ جەعفەرە" ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو، خۆی باسی کرد, خۆی هاتە سەر تەلەڤزیۆن وتی بەڵێ ئێمە خۆمان ئەو داوایەمان کردووە, یەکێک لە کادیرەکانی ئێمە کە وەفاتی کردووە عادل موراد بوو. ئیتر ئەمە بوو بە سەرچاوەی کێشە لە هەرێمی کوردستان، شەڕی داعش هات، ئاوارە هات، نەوت دابەزی ئەمانە بوونەتە هۆکار کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانی موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بدات".

هەروەها دەڵێت: "ئێستاش لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ، واتە لە2018 لە مانگی 4 وە هەتا کۆتایی 2019، هەموو مانگێک موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دراوە جێگرییەکی موچەپێدان هەبوو لە هەرێمی کوردستان، ئەم دۆخی دابەزینی نرخی نەوت هات، بەغداد دیسانەوە موچەی هەرێمی کوردستانی بڕی و دوایخست و نەیدا، کێشە دروست بوو ئەم کۆرۆنایە هات ئابووری هەڵوەشایەوە تا ڕادەیەکی زۆر دیسان ئەو بابەتە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە و ناتوانێت پارەی خۆی چاپ بکات، ناتوانێت سیاسەتی ئابووری خۆی دابڕێژێت یەدەگی نییە لە بانکی مەرکەزی، ئەو یەدەگەی کە بەشی هەرێمی کوردستانە لە بانکی مەرکەزی عێراق، عێراق بۆ خۆی بەکاری دەهێنێت و بەشی هەرێمی کوردستان نادات لەبەر ئەوەی دەوڵەت نیە ناتوانێت قەرز بکات ئیتر کۆمەڵێک هۆکار هەن لە دەوڵەت بووندا دەتوانیت لەم قەیرانانەدا ڕزگار ببیت کە ئێمە نیمانە ئەم کێشەیە دروست دەکات، و ئێستاش ئەو قسەیە دەخوات کە یەکێتیەکان بۆ بەغدادیان کرد ئەگەر موچە نەدەیت یان دوای بخەیت خەڵکەکە دژی حکومەت هەڵدەستێت."

"ئێمە و یەکێتی شەریکی یەکترین"

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات" ئێمە و یەکێتی شەریکی یەکترین لە دوای ساڵی 1991 و هەتا ئێستا بە خراپی و باشیەکانی ئەم هەرێمە. من ئەم قسەیەی یەکێتی ناکەم با لەسەر من ماڵ نەبێت، من نەموتووە یەکێتی چووه‌تە بەغداد موچەی بڕیووە خودی یەکێتی لەسەر شاشە دانیان پێدانا بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت کێ وتویەتی و کێ هۆکارە ئێمە نەمان وتوە و ناشیڵێن، بەڵام ئایه‌تێك هه‌یه‌ و له‌ عه‌ره‌بیدا باوه‌، كه‌ دەڵێت: "وشهد شاهد من أهلها" واتە شایەتی دانەکە لەناو خۆیاندا بووە، ئەمە قسەی خۆیانە و کەسیش رەتی نەکردەوە ، بۆیان چووه‌تەسەر کە خۆیان ئەم ئیشەیان کردووە."

"داوای کۆبوونەوەیەکمان کردووە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئابووری ئەنجومەنی وەزیران "

سەبارەت بە هەڵوێستییان لەسەر بڕینی رێژەیەک لە مووچەی فەرمانبەران هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت: "ئێمە لە لیژنەی دارایی نووسراوێکی رەسمیمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کە روونکردنەوەیەکی فەرمی بداتە پەرلەمان و لیژنەی دارایی کە ئەم کارە چۆن کراوە و گەرەنتی چیە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە؟ و داوای کۆبوونەوەیەکمان کردووە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئابووری ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەم بابەتانە".

گوتیشی: "یاسای چاکسازیمان دەرکردووە بۆ ئەوەی بیانوو بە کەس نەهێڵین، بە هاوبەشی دەنگمان بەو یاسایە داوە، لە مانگی حەوت یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەموومان پاڵپشتی جێبەجێکردنی ئەو یاسا دەکەین، بڕینی ئەم ڕێژەیە لە موچە تەنها بۆ ئەم مانگە دەبێت، وەکو حکومەت رایگەیاندووە لە مانگی داهاتوو یاسای چاکسازی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو بندیوار و ئەوانەی کە دامەزراون و تا ئێستا پارەی فول وەردەگرن حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی ئەوانە دەبڕێت و موچەکە بەشی ئەوە دەکات کە موچەی خەڵکی تری پێ بدەین".

" حکومەت روونکردنەوەی دا کەسیش لە لیژنەی دارایی قسەی نەکرد یا بڵێت گومانم هەیە "

پێشتر ئاراس جه‌نگی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمه‌ریکا وتبووی: "حکومەتی هەرێم پارەی بۆ دێت لە بەغدادەوە، بەڵام نایداتە فەرمانبەران نمونەی چوارسەد ملیارەکە کە لەژێر ناوی جیاجیا بەناوی قەرزەوە دایانە کۆمپانیاکانی نزیک لەخۆیان و نەیاندا بەفەرمانبەران". بەڵام جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی هەرێم دەڵێت: "خۆمان وەکو فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، خۆم وەکو جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئەندامانی دیکەی لیژنەی دارایی داوای روونکردنەوەمان لە حکومەت کردووە، حکومەت روونکردنەوەی داوەکە ئەم 388 ملیارە چۆن هاتووە و چی لێهاتووە، بە هەندێک قەرزی داوە کە بۆ مانگی پێشتر موچەیان پێدابوو، باقیەکەی تری ماوە ئێستا لەگەڵ ئەو مانگه‌، لەگەڵ فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ و باج و گومرگ ئێستا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچە کە لە شەممە و یەک شەممە دەستپێدەکاتەوە".

ناوبراو ئەوەشی وت روونکردنەوەکەی حکومەت بۆ لیژنەی دارایی ئەندامانی لیژنەی دارایی بڕوایان پێهێناوە لەو ڕوەوە وتی: "ئەو روونکردنەوەی حکومەت بۆ ئێمەی هێنا، قەناعەتمان پێی هێناوە، کەس قسەی نەکردووە یاخود بڵێت گومانم هەیە لەو بابەتە. حکومەتیش حکومەتی شەراکەتە، هەمووی دەزانێت پارەکە چۆن هاتووە و چۆن خەرجکراوە."

"هەوڵیاندا هەرێم-یش وەک کەرکووک تەسلیم بکەن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر "

هێڤیدار ئەحمەد ئه‌وه‌شی گوت: "ئێرە هەرێمی کوردستانە قەوارەی خۆی هەیە، حکومەتی خۆی هەیە، ئاراس جه‌نگی دەیەوێت کوردستان وەک کەرکوک چۆن رادەستی (راکان جبوری) کرد ئاواش ئێرە رادەستی بەسرە و حەشدی شەعبی بکات، پێشتریش هەوڵیان دا ئێرەش وەکو کەرکووک تەسلیم بکەن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر، پارتی نەیهێشت ئەم هەرێمە تەسلیمی ئەوان ببێت زۆر پێیان ناخۆش بوو ئاراس و ئەوانەی کە لەگەڵی بوون ئەویش وەکو حکومەتی عێراق پێی ناخۆش بوو کە ئێرە تەسلیم نەبوو. بەڕاستی کێشەیەک هەیە لەگەڵ یەکێتی چوار پێنج یەکێتی هەیە، یەکێتی ماڵی مام جەلال هەیە، یەکێتی حکومەت هەیە، یەکێتی ماڵی شێخ جەنگی هەیە، یەکێتی پەرلەمان هەیە، یەکێتی مەکتەبی سیاسی هەیە. من لە حیزبی خۆمدا، ئەوەی من لێی تێگەیشتووم تەنها ماڵی مام جەلال بە وارسی شەرعی مام جەلال و یەکێتی دەناسێت".

هەروەها وتی: "ئێمە رێکەوتن لەگەڵ ئاراس ناکەین و نایناسین ئێمە لەگەڵ یەکێتی رێکەوتنمان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، یەکێتی بەدڵی خۆی رازی بووە و داوای پۆستی کردووە و حەقی خۆی زیاتریشی پێ دراوە، 36% حکومەتی لەدەست دایە. بە رەزامەندی خۆی هاتووه‌تە حکومەتەوە، خۆ تفەنگمان نەخستووه‌ۆتە سەر سەری زۆر پێمان خۆشە پارتی و یەکێتی شەریکی راستەقینەی بەڕێوەبردنی ئەم کوردستانەن."

" با ئەوان پارەی گومرگەکانی باشماخ و پەروێز خان بهێنن، هەموو رۆژێک بە ملیۆن دولار پارە دەبەن لەوێ "

هێڤیدار ئەحمەد دەڵێت: "ئەو برادە (ئاراس جه‌نگی) پەیوەندی چییە بە هەرێمی کوردستانەوە قسەی لەسەر دەکات؟ دەی با ئەوان پارەی گومرگەکانی باشماخ و پەروێز خان بهێنن، هەموو رۆژێک بە ملیۆن دۆلار پارە دەبەن لەوێ ئەو پارەیە بهێننە خەزێنەی حکومەت بۆ ئەوەی پارەی خەڵکی پاشەکەوت نەکەین پارەی ئەو نەوتە بهێنن ئەوەی کە لە کەرکوک دەیفرۆشن بەدزی و تاڵانی با بهێننە خەزێنەی حکومەت، داهاتەکەی دەدەینە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆرترین موچەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانییە، سلێمانی بە ئیدارەی هەڵەبجەوە داهاتەکەی مانگی 80 ملیۆن دۆلاری هەیە تەنها بۆ موچە 374 ملیۆن دۆلار دەڕوات هەموو مانگێک سلێمانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە پارەکە هەیە، بەڵام کەسی وەکو ئاراس و ئەوان دەیبەن با بێت ئەو پارەیە تەسلیم بکات کە پارەکە کۆبوویەوە هەموو موچە دەدرێت."

"ئەوانەی ئەو پارەیە دەدزن نایدەنە کاک قوبادی-ش "

ئەی بۆچی لە جێگری سەرۆکی حکومەت ناپرسن لەسەر ئەو پارانەی کە خۆت دەڵێی رۆژانە بە ملیۆن دۆلار دەبەن و نایدەنە حکومەت؟ لە وەڵامدا هێڤیدار ئەحمەد وتی: "بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەزانێت دەوڵەتداری بکات، ئەزموونێکی باشی هەیە، لەبەر لێهاتووی ئەو پارتی زۆری پێخۆش بوو بمێنێتەوە وەکو جێگر سەرۆکی حکومەت ئێمە پشتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەگرین ئێستا کە لە گفتوگۆکانە چووه‌تە بەغداد، ئەوانەی ئەو پارەیە دەدزن نایدەنە کاک قوبادیش، تا مام جەلال زیندوو بوو ئەوانە بۆیان نەبوو قسە بکەن و بێنە پێش، ئەوە پارتی نییە و یەکێتییە دڵسۆزەکان نیین کە هەرێمی کوردستان تەنازول بۆ بەغداد بکەن و هەرێمی کوردستان تەسلیمی بەغدادی بکەن. خوا ماڵی ئەوانە خراپ بکات کە بوونە هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر کە ئاراسی شێخ جەنگی یەکێکە لەوانە."

 سه‌رچاوه‌: به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكا