پێشەوا هەورامانی: کورد چی هەیە جگە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دڵی پێی خۆشبێ!

K24 - هەولێر

ژمارەیەک کەس و لایەن و تەنانەت پەرلەمانتاریش لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق باس لەوە دەکەن پێویستە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت، لەبەرامبەردا گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ "ئەو کەسانە بەکرێگیراوی دەستی دوو و دەستی سێن... ئەگەرنا کورد چی هەیە جگە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کە دڵی پێی خۆشبێت".

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینیکدا لەگەڵ کوردستان24 باسی ئەو کەسانە دەکات و دەڵێ ئەو قسەیە تازە نییە، "ئەو قسەیە دەگەڕێتەوە بۆ 16ـی ئۆکتۆبەر، کاتێک حکومەتی عێراق هێزی هێنایە سەر هەرێمی کوردستان و لە پردێ و سحێلا بە شەڕ هەوڵدرا هەولێر و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوببەن، ئەوانەی ئێستا ئەو قسانە دەکەن، ئەوکاتەش چاوساغیان بوون، لە ماڵی ئەوانەوە بۆردوومانی نزیکی هەولێر دەکرا... هەر ئەوانیش داوایان لە فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی کردبوو و گوتبوویان تکاتان لێدەکەین با تاوەکو زاخۆ بڕۆین و ئەمە هەلە و هاتووەتە بەردەممان، بەمجۆرە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و پارتی لەناوببەین".

ئەو کەس و لایەنانە باس لەوە دەکەن "ئەگەر دەسەڵات بکەوێتە دەست حکومەتی عێراق، ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خەڵک خراپ نابن".

"بەکرێگیراوی دەستی دوو و دەستی سێ!"

گوتەبێژەکەی پارتی باس لەوە دەکات "ئێستا کارەکە وای لێهاتووە هەندێک بە دەستی دوو و بە دەستی سێ دەیکەن، واتا کەسەکە خۆی لە لایەنیکی دیکەیە، بەکرێگیراوی لایەنێکی دیکەیە و دێت قسە لەسەر نەهێشتنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات".

پارتی نایشارێتەوە لە هەرێمی کوردستان ئەگەر گەندەڵی هەبووبێت یان تاڕادەیەک نادادپەروەری و کاری خراپ هەبووە بەڵام وەک پێشەوا هەورامانی جەختی لەسەر دەکاتەوە "لەبەرامبەردا کاری باش هەن و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان شایەنی سڕینەوە نییە".

کێ دژی پرۆژەی چاکسازییە؟

قسەی ئەو لایەنانە بەگوتەی پێشەوا هەورامانی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە نییە، چونکە ئەگەر وابێت هەموویان لەگەڵ پرۆژەی چاکسازیدا دەبن، چونکە "ئەگەر پرۆژەیاسای چاکسازی، کە لە 2ـی 7ـەوە جێبەجێ دەکرێت 80%ـیشی جێبەجێ بکرێت شتی زۆر باشی تێدایە".

راستەوخۆ ناڵێن "دژی پرۆژەی چاکسازین"

پێشەوا هەورامانی دەڵێ "ئەوانەی دژی پرۆژەی چاکسازین، راستەوخۆ نایەن، بڵێن ئێمە دژی ئەو پرۆژەیەین، بەڵکو دەست بۆ شتی دیکە دەبەن ماوەیەک: دەستیان برد بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە هەرێمی سلێمانی دروستدەکەین، ئێستا باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەن".

پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەگەر دەسەڵات بکەوێتەوە دەست حکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق ئەوەندە ستەم لە گەلی کورد ناکات، لە بەرامبەردا پێشەوا هەورامانی باس لەوە دەکات "ئەو پەرلەمانتارە (کە مەبەستی سۆران عومەرە)، هێشتا شۆکی لابردنی پارێزبەندییەکەی بەرینەداوە و لە قەیرانێکی گەورەی دەروونیدایە، رۆژیک لە رۆژان لە سەنگەرێکی پێشمەرگە نەبووە، فیشەکێکی لەپێناو ئەو وڵاتە نەتەقاندووە، کەسوکاری بریندار نەبوون، لە شەڕی داعشدا هیچ رۆڵێکی نەبووە و لەوانەیە لە رابردووشدا هاوفکری داعش بووبێت، بۆیە چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەیت شتێکی باش لەسەر ئەو وڵات و هەرێمە بڵێ!".

پارتی جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو قەوارەی هەیە، هی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو نییە، بەڵکو رەنجی خەڵکی کوردستانە، کە خوێنیان بۆ رشتووە.

"لەنێو یەکێتی کەسانێک هەن رەحم بە کوڕەکانی تاڵەبانیش ناکەن"

گوتەبێژەکەی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ "حیزبی گەورەی کوردستان هەیە، ئێستا کەوتووەتە دەست کەسانێک، کە نە بەو حیزبەوە ماندووبوون و، نە رەنجیان بۆ کێشاوە، لە ئەوروپا هاتوون و لەسەر عەرشی پیاوێکی شۆڕشگێڕ دانیشتوون کە جەلال تاڵەبانییە و رەحم بە کوڕەکانیشی ناکەن، کە ئەوان تاڕادەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیانداوە جەوێکی ئارام و سەقامگیر دروست بکەن".

پەرلەمانتاری کورد هەیە تکا لە پەرلەمانتاری عەرەب دەکات دژی کورد بێت!

گوتەبیژی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ "پەرلەمانتاری (کورد) هەیە لەنێو پەرلەمانی عێراق، تکا و رجا دەکات لە پەرلەمانتارە عەرەبەکان، لە هەندێک مەسەلەی پەیوەندی بە کوردستان هەیە، دەنگ نەدەن یان لەگەڵی نەبن... ئەمە شتێکی تازە نییە و کۆتاییشی پێ نایە. لەوەتەی ئێمە هەین، لەنێو ئەو میللەتەدا کەسانیک هەبوون رۆڵیان ئەوە بووە سووڕاونەتەوە و لەگەڵ دوژمن دەستیان تێکەڵ کردووە. لە چوار پارچەی کوردستان، کورد چی هەیە جگە لە هەرێمی کوردستان کە دڵی پێی خۆشبێت! هەرێمی کوردستان بووە بە نەوایەکی ئارام بۆ کوردانی رۆژهەڵات، باکوور و رۆژئاوا".