گۆڕان دەست بە گەڕێکی کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ لایەنەکان

K24 - سلێمانی

گۆڕان لەم هەفتەیەوە دەست بە گەڕێکی کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستا و دوایین گۆڕانکارییەکان.

د. دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان٢٤ـی راگەیاند دەچنە لای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە شاری سلێمانی، بۆ رۆژی دووشەممەش سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەکەن لە ھەولێر، بڕیاریشە چوارشەممە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی كوردستان کۆببنەوە لە گردی زەرگەتە.

ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن ھەروەھا ئاماژەی بەوە دا، گۆڕان دەیەوێت پلانی ساڵی داهاتوو ئامادە بکات بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

لەبارەی یەکەم کۆبوونەوەش، بەختیار عومەر، رێکخەری ژووری پەیوەندییە سیاسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند "سبەی شاندێکی باڵای گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکات لە شاری سلێمانی".

سەبارەت بە دانووستانەکانیش لەگەڵ بەغدا، دەرباز محەمەد روونیکردەوە، حکومەتی عێراق و هەرێم سوورن لەسەر ئەوەی بەرەو رێککەوتن بڕۆن و لە رووی سیاسیشەوە کەشەکە لەبارە، بەڵام لە وردەکارییەکاندا کێشە هەیە و ئەگەر ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێن، دەکرێت بگەنە رێککەوتن.