جۆن بۆڵتۆن لە کتێبەکەی چۆن باسی دەستبەردان لە کورد لە لایەن ترەمپەوە دەکات؟

دەقی نووسینەکانی بۆڵتۆن لەسەر کورد بزانە

K24- هەولێر:

جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، لە کتێبێک بە ناوی The Room Where It Happenedچەندین نهێنی لەسەر سیاسەتەکانی ترەمپ ئاشکرا دەکات و هەرایەکی زۆری ناوەتەوە.

ترەمپ ئەو کتێبە بە نایاسایی دەزانێت، لەگەڵ ئەوەی بە درۆ و دروستکراوی دەزانێت، بڵاوکردنەوەشی بەهۆی ئەوەی باس لە کاری نهێنی حکومڕانی ئەمەریکا دەکات بە نایاسایی دەزانێت، بەڵام کتێبەکە مۆڵەتی وەرگرتووە و بڵاوبووەتەوە.

لەو کتێبە باس لە بۆچوونی ترەمپ لەسەر کورد و هۆکاری کشانەوەی لە سووریاش دەکات. هەروەها چەند نهێنییەکی پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرا دەکات:

بیرۆکەی ترەمپ بۆ کشانەوە (لاپەڕە 95)

لە جەژنی ئیستەر، ترەمپ دووبارە پەیوەندی پێوەکردم، منیش پرسیم، پێچانەوەی هێلکەکانی ئیستەر چۆن دەڕوا جەنابی سەرۆک، لە وەڵامدا گووتی، زۆر باش.

لەو کاتەدا سارا ساندێرس و منداڵەکانی و چەند کەسێکی دیکە لە ژووری سەرۆکایەتی دەهاتن و دەچوون.

دواتر ترەمپ گەڕایەوە ئەو گفتوگۆیەی شەوی شەممە دەمانکرد و رایگەیاند، من دەمەوێت لەو هەموو جەنگە خراپەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێمە دەرەوە، ئێمە داعش بۆ وڵاتانێک دەکوژین کە دوژمنی ئێمەن. منیش دەمزانی مەبەستی لە رووسیا و ئێران و ئەسەدە.

دەشڵێت، ترەمپ پێی وتم، راوێژکارەکانم لەسەر ئەم جەنگە بوون بە دوو بەش، ئەوانەی دەیانەوێت هەمیشە لەوێ بین و ئەوانەی دەیانەوێت ماوەیەک لەوێ بین.

بە پێچەوانەوە ترەمپ گووتی، من هەر نامەوێ لەوێ بمێنمەوە. من حەز بە کوردەکان ناکەم، ئەوان لە عێراقییەکان هەڵدێن، لە تورکەکان هەڵدێن، تەنها ئەو کاتە راناکەن کە ئێمە بە فڕۆکەی ئێف 18 چواردەوریان بۆردومان دەکەین.

دیداری ترەمپ و ئەردۆغان (لاپه‌ره‌ 438) 

ترەمپ بە ئەردۆغانی وت نایەوێت هیچی خراپ بەسەر خۆی و تورکیادا بێت و کارێکی زۆر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات.

ئەردۆغان گلەیی لە بارەی هێزە کوردییەکان لە سووریا کرد و باسی لە فەتحوڵڵا گیولەنیش کرد، داوای کرد گیولەن رادەستبکرێتەوە. ترەمپ وتی، ئەو گومانی هەیە ئەگەر گیولەن رادەستبکرێتەوە، یەک رۆژی دیکە بژی، تورکەکان بەمە پێکەنین و ترەمپ وتی، گیولەن جێگای نیگەرانی نییە.

ئەردۆغان وا دیاربوو حەزی بە رووخانی خەلافەتی داعش دەکرد، بەڵام دوژمنە سەرەکییەکەی کوردەکانی سووریا بوو، کە بڕوای وابوو بە گۆڕانێکی کەمەوە سەر بە پەکەکەن، کە ئەمەریکا بە تیرۆرستیان دەزانێت.

لەگەڵ شکستی داعشدا، ئێران زیاتر باڵادەستی خۆی لە ناوچەکە زیاد دەکرد، بەمەش ئەمەریکای لەگەڵ کۆمەڵێک هاوپەیەمانی نامۆ جێهێشتبوو. ئەمەش بڵێم، ئەمەریکا لەمێژ بوو پشتگیری هەوڵی کوردەکانی بۆ دروستکردنی ئۆتۆنۆمی، یان سەربەخۆی لە عێراق دەکرد، دەوڵەتی کوردی پێویستی بە گۆڕانکاریی سنوورەکانی دەوڵەتەکانی دەورووبەریەتی. ئەوە ئاڵۆز بوو، بەڵام ئەوەی ئاڵۆز نەبوو ئەوەبوو، ئەمەریکا تێگەشتنێکی بەهێزی بۆ دڵسۆزیی کوردەکان هەبوو، کە هاوشانی ئەمەریکا دژی داعش دەجەنگان، دەستبەردان لێیان، نەک تەنها بێ وەفاییە، بەڵکو دەرئەنجامی گەورەی لە جیهان دەبوو، ئەگەر ئەمەریکا لە داهاتوو بیویستایە هاوپەیمانی هاوشێوە دروست بکات.

کشانەوەی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان (لاپەڕەی 442)

لە 14ی 12، ترەمپ و ئەردۆغان بە تەلەفۆن قسەیان کرد، پێش ئەوە من بە کورتی باسی دۆخی سووریام بۆ کرد و ئەو وتی، پێویستە لەو شوێنە بچینە دەرەوە، من ترسام ئەو قسەیەش بە ئەردۆغان بڵێت. لە قسەکانی، ترەمپ بەوە دەستیپێکرد، کە زۆر نزیکن لە چارەسەری کێشەکانی هاڵکبانک. وتی لەگەڵ وەزیری خەزێنە و پۆمپێیۆ قسەی کردووە و ئەوان لەگەڵ زاواکەی ئەردۆغان، وەزیری دارایی، قسە دەکەن لەو بارەیەوە. ئەردۆغان دڵخۆشبوو بەوە و بە ئینگلیزی قسەی دەکرد. دواتر ئەردۆغان هاتە سەر باسی سووریا. گووتی ترەمپ لە بارەی پێشبینییەکانی تورکیا دەزانێت کاتێک دێتە سەر یەپەگە و گیولەن. ئەو گلەیی ئەوەی کرد ناڕوونی لە نێوان نیازی سیاسی ترەمپ و چالاکییەکانی سوپای ئەمەریکا هەیە، کە پرسیاری بۆ ئەو دروستکردووە.

ئەردۆغان وتی، دەیەوێت لە داعش و پەکەکە رزگاری بێت، کە بە بڕوای من مەبەستی هەموو چەکدارە کوردەکان بوو.

ترەمپ رایگەیاند ئەو ئامادەیە سووریا جێبهێڵێت ئەگەر تورکیا دەتوانێت ئیدامەی جەنگی دژ داعش بدات، تورکیا هەموو کارەکانی دیکە بکات و ئەمەریکا بچێتە دەرەوە. ئەردۆغان بەڵێنی دا، بەڵام گوتی پێویستی بە هاوکاری لۆجیستییە. دواتر بەشە ئازاربەخشەکە هات. ترەمپ وتی قسە لەگەڵ من (جۆن بۆڵتۆن) دەکات، کە من گوێم لە پەیوەندییەکە دەگرت، بەپەلە کار لەسەر پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بکەم و تورکیا جەنگی دژ بە داعش دەگرێتە ئەستۆ. گووتی من دەبێت بێدەنگانە کارەکان بکەم و داعش تەواو بووە، بۆیە دەڕۆین. لە تەلەفۆنەکە پێیگووتم، گوێت لە پەیوەندییەکەیە، منیش وتم بەڵێ گوێم لێیە. دوای تەواوبوونی پەیوەندییەکە، ترەمپ وتی ئەردۆغان پێویستە لەسەر مەسەلەی سەربازی و هاڵکبانک کارم لەگەڵ بکات. ئەردۆغان سوپاسی ترەمپی کردبوو و پێی وتبوو، سەرکردەیەکی زۆر سیاسی. کەمێک پاش ئەوە، ترەمپ وتی دەبێت رەشنووسێک ئامادە بکەم تیایدا بڵێین، ئەمەریکا جەنگی دژ بە داعشی بردووەتەوە و ئەرکمان لە سووریا کۆتایی پێهاتووە و دەچینە دەرەوە.

من ئەوەم لە خەیاڵبوو، ترەمپ هاوشێوەی کشانەوە لە ئەفغانستان، کشانەوە لە سووریا وەک بەڵێنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بەکاردەهێنێت و دەڵێت کشاینەوە. دوای ئەوە پەیوەندیم کرد بە ماتیسەوە و پێویست ناکات بیڵێم، ئەو هیچ دڵخۆش نەبوو بەوە.

ئەمە قەیرانێکی شەخسی بوو بۆ من. هەستم دەکرد کشانەوە لە سووریا هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، هەم لەبەرئەوەی داعشی زیاد دەکرد و هەمیش بواری بە ئێران دەدا زیاتر هەژموونی خۆی بڵاوبکاتەوە. ئەم گفتوگۆیەم لەگەڵ پۆمپێیۆ و ماتیس کرد، تاوەکو مانگی شەش قسەم لەسەر ئەوە کرد، کە دەبێت ئەم جۆرە سیاسەتە نیوەچڵەی سووریامان کۆتایی پێبێت و گرنگی بە یەک شوێن لە یەک کاتدا بدەین، وەکو منبج و ئیدلب و ناوچەکانی باشووری رۆژئاوا و تیشک بخەینە سەر وێنە گەورەکە.

لەگەڵ کۆتایی هێنان بە داعش، وێنە گەورەکە راگرتنی ئێران بوو. ئەگەر ئێستا ئەمەریکا دەست لە کوردەکان بەربدات، دەبێت یان لەگەڵ ئەسەد دژی تورکیا یەکبگرن، کە کورد دروستانە بە هەڕەشەیەکی گەورەتریان دەزانی (بەمەش هێزەکانی سەر بە ئێران گەشەیان دەکرد) یان دەبوو بە تەنها بجەنگن، کە شکستێکی حەتمی چاوەڕێیان بوو، لە نێوان ئەسەد و ئەردۆغان تیایا مابوون، دەبێت چی بکەن؟

ماکرۆن چی بە ترەمپ گووت لەسەر کشانەوەی لە رۆژئاوای کوردستان (لاپەرە 448)

لە کۆشکی سپی بووم، دوا نیوەڕۆیەک ماکرۆن پەیوەندی کرد، ماکرۆن خۆشحاڵ نەبوو (بەبڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا) ترەمپ ئەوی کەنارگیر کرد و گووتی، ئێمە کارمان تەواو بووە و تورکیا و سووریا خۆیان کار لەسەر ئەوەی ماوە دەیکەن. ماکرۆن گووتی، تورکیا تەرکیزی لەسەر کوردە و لەگەڵ داعش رێکدەکەوێت. تکای لە ترەمپ کرد نەکشێتەوە، چونکە ئەوە تەنها سەرکەوتنە لە ماوەیەکی کورتخایەندا و دەبێت کارەکەی تەواو بکات.

ترەمپ قایلبوو بەوەی لەگەڵ راوێژکارەکانی قسە بکات و داوای لە من کرد لەگەڵ ستافەکەی ماکرۆن قسە بکەم و دەبێت ماتیس و داونفۆردیش لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکانیان قسە بکەن. فەرەنسا نیگەران بوو لە بڕیارەکە و باڵیۆزی ئیسرائیلیش، رۆن دێرمەر بە منی گووت، ئەوە خراپترین رۆژی ئەوە، لەوەتەی ترەمپ دەستی بە کار کردووە.

پەیوەندی دووەمی ترەمپ و ئەردۆغان (لاپەڕەی 545)

لە کۆتایی هەفتە، ترەمپ بڕیاریدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام بدات لەسەر دوو خاڵ، هێرشنەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا، دووەم هێرشبکرێتە سەر داعش، نەک کوردەکان، هەردوو خاڵەکە دروست بوون، بەڵام لە دوای قسەکانی پەیوەندی یەکەمی، تازە کەمێک درەنگ بوو. 

ترەمپ بە ئەردۆغانی گووت، تورکیا دەبێت دوای داعش بکەوێت و ئەگەر پێویستی بە هاوکاری بوو، ئێمە پێشکەشی دەکەین، دووەم، ئەردۆغان نابێت کوردەکان بکوژێت، چونکە زۆر کەس خۆشی دەوێن و لەگەڵ ئەمەریکا ساڵانێک دژی داعش جەنگاون. دەبێت تورکیا و کورد پێکەوە دژی داعش بجەنگن. ترەمپ پێی وابوو ئەو ستراتیژییە رەنگە گۆڕانکارییەک بێت بۆ ئەردۆغان و جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتییەکی زۆر هەیە بۆ کوردەکان لە ئەمەریکا. ئەردۆغان ئەو ئازارەی چێشت و گووتی ئەویش کوردی خۆش دەوێت و بە پێچەوانەوەشەوە، بەڵام رایگەیاند یەپەگە و پەیەدە و پەکەکە، کوردەکان خراپ بەکاردەهێنن و نوێنەرایەتی کورد ناکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامی پەرلەمان و وەزیری کورد هەن لە حکومەتەکەی کە رێز و هاوسۆزیان بۆ ئەردۆغان هەیە، ئەوەشی گووت ئەو تاکە سەرکردە بووە توانیویەتی جەماوەرێکی زۆر لە شارە کوردییەکان لە  کاتی هەڵبژاردن کۆ بکاتەەوە، ئەو هیچ مەبەستێکی نییە جیا لە کوشتنی تیرۆرستەکان. ئێمە پێشتر گوێمان لەمە بووبوو، دەمانزانی جیا لە پڕوپاگەندە هیچی تر نییە.

وتەکانی فەرماندە لاکامێرا (لاپەڕەی 460)

لا کامێرا بە ترەمپی گووت، ئەوە بە تەواوی روونە کە ئێمە سووریا جێدەهێڵین، ئێمە دەتوانین بەرژەوەندییەکانمان لە سووریا بپارێزین و لە هەمان کاتدا بکشێینەوە، من دەتوانم لێرەوە ئەوە بکەم. ترەمپ رایگەیاند ئەو بە ئەردۆغانی گوتووە هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا. ترەمپ پرسی، دەتوانی داعشەکان لەناوببەن لە ماوەی کشانەوەتان. لاکامێرا گووتی، بەڵێ گەورەم. ترەمپ وتی، ئەمە فەرمانی منە لێرەوە دەری دەکەم. لاکامێرا باسی لە توانای هەماهەنگی کرد و ترەمپ پێی بڕی و گووتی، چەند جارێک کاتی زیادکراویان دراوەتێ و ئیتر ئەو ماندوو بووە و دەبێت شکست بە داعش بهێنن. دواتر پرسی، دەتوانن چی بکەن بۆ پاراستنی کوردەکان، منیش چوومە ناو مەوزوعەکە و گووتم، سەرۆک بە ئەردۆغانی گوتووە، نایەوێت ئازاری کوردەکان بدات، کە هاوکاری ئێمەیان لە سووریا کردووە.

لاکامێرا و کەین ئەوەیان شیکردووە دەتوانن لە ماوەی دوو بۆ چوار هەفتەی داهاتوو، کۆتایی بە داعش بهێنن، ترەمپیش گووتی، بیکەن.

دوا نیوەڕۆ ترەمپ پەیوەندی پێوەکردم و هانی دام بە خێرایی پلانی دوو هەفتە بۆ کۆتایی هێنان بە داعش ئامادەبکرێت. منیش گووتم فەرماندەکان گووتویانە، دوو بۆ چوار هەفتە، ترەمپ وتی هەرچۆنێکە ناوی بنێن دوو هەفتە. دواتر لەگەڵ دونفۆرد قسەم کرد، دواتر ئەوەم زانی دوای جێهێشتنی ماتیس، دونفۆرد ئەو ئاڵۆزییەی گرتبووە دەست لە بارەی سیاسەتی ترەمپ لە سووریا کە بریتی بووە لە تێکشکانی داعش، پاراستنی کورد، چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەل تەنف، ئازاد نەکردنی زیندانییەکانی داعش و بەرەوامیدان لە فشارخستنە سەر ئێران.

من پێم وایە بەلای ئەردۆغان، تاکە کوردی باش، ئەو کوردەیە کە مردووە، دونفۆرد پێیوابوو ئامانجی بەپەلە و سەرەکی تورکیا، دەرکردنی کوردەکان بوو لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا و سووریا، دواتر ناردنی سەدان هەزار پەنابەر لە سووریا بۆ ئەو ناوچانە.

دڵخۆشبووم بەوەی دونفۆرد وەکو من بیری دەکردەوە و پێی وابوو دەبێت هێزەکانمان لە ئەلتەنف بهێڵینەوە، پێچەوانەی ماتیس.

سەردانی شاندی ئەمەریکا بۆ تورکیا (لاپەڕەی 467)

دونفۆرد پێشنیازی ئەوەی کرد لەسەرەتای مانگی یەک لەگەڵیان بچمە تورکیا، منیش قایل بووم. بەمجۆرە تورکەکان پەیامێکی یەکگرتووی حکومەتی ئەمەریکا دەبیستن، بەمەش ئیستیغلالکردنی جیاوازی سیاسیەکانی ئەمەریکا کەم دەبێتەوە. من قسەی خۆمم لەگەڵ پۆمپێیۆ کرد و ئەو گووتی لە سووریا دەرئەنجامی زۆر خراپ هەن و لە هەوڵی کارێکی گونجاون. پۆمپێیۆ دەیویست دڵنیا بێت لەوەی نێردەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە دانیشتنەکانی تورکیا ئامادە بێت، منیش لەگەڵی هاوڕابووم. ئەمەش لەبەرئەوەی دوو رۆژ پێش ئەوە، پۆمپێیۆ بەمنی گووت، جێم جێفری، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە تورکیا، هیچ خۆشەویستی بۆ کورد نییە و تورکیا وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی ناتۆ دەزانێت.

کاتێک گەیشتمە ئەنقەرە، پۆمپێیۆ پێی وتم ترەمپ نیگەرانە لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە بارەی ئەو قسە دژ بەیەکانەی لەسەر سووریا کردوونی. زۆربەی قسە دژ بەیەکەکان هی ترەمپ خۆی بوون، هەندێکیان هی پۆمپێیۆ و هەندێکییان هی من، وەکو ئەوەی، "ئێمە رێگا نادەین تورکیا کوردەکان بکوژێت".

ئێمە بڕیارمان دا، باڵیۆزخانەکەمان لە تورکیا، داوا لە ئەردۆغان نەکات چاویپێمان بکەوێت، چونکە دەمانزانی شتەکان بەرپێنەگیراون، کە تیایدا خواستی ترەمپ بۆ جێهێشتنی سووریا بووە هۆی ناڕاست دەرچوونی پاراستنی کوردەکان. ئەمە شتێک بوو ئەردۆغان سازشی لەسەر نەدەکرد.

نەخشەی شاندەکە پەڕەی (473)

لە هەمانکاتدا، پێچەوانەی راگەیەندراوەکە، جیم جێفری نەخشەیەکی رەنگاو و رەنگی نیشانداین لە بارەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەو پێشنیازی ئەوەی کرد دەبێت رێگا بدەین تورکیا سەربکەوێت و کوردەکانیش هەر بمێنن. دونفۆرد حەزی بە نەخشەکە نەبوو. منیش پرسیم مەگەر ئامانجی ئێمە ئەوە نییە تورکیا لە سنووری خۆیان بهێڵینەوە، دونفۆردیش پشتیوانیی کردم. من گووتم دەمەوێت باکووری سووریا بەهەمانشێوەی ئێستا ببینم، بەڵام بەبێ بوونی هێزەکانی ئەمەریکا، دەمزانی رەنگە ئەمە کاری نەکردە بێت، بەڵام دەمویست ئەمە ئامانج بێت ئەگەر نەشتوانین جێبەجێی بکەین، دواتر جێفریش قایل بوو. ئێمە بە نووسینەکەدا چووینەوە و من یەک ریزم بۆ زیاد کرد تاوەکو دڵنیایی بدەین لەوەی خراپ مامەڵەکردنمان لەگەڵ کوردەکان ناوێت و ئەوەش نیشان بدەین، کە ئێمە سوپا و هێزی تورکمان لەو ناوچانە نەدەویست. دونفۆرد و جێفری قایل بوون بە رەشنووس و نەخشەکە، بەڵام دوای ئەوەی کۆشکی سپیم جێهێشت، رەنگە ئێستا ئەوە تەنها مێژوو بێت.

وەك چاوەڕواندەکرا، ئەردۆغان پێی گوتین، ئەو کۆبوونەوەی لەگەڵمان هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە دەبێت لە پەرلەمان قسە بکات، دواتر زانیمان قسەکانی ئەردۆغان بۆ لێدان بوو لەو پێگەیەی من وەکو ئەمەریکا نیشانم دەدا. ئەردۆغان تۆزقاڵێک لەوە پەشیمان نەبووەوە کە تورکیا ئازادە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوە شتێک بوو دەبوو ئێمە رێگای پێنەدەین ئەگەر بمانویستایە سزادانی کوردەکان رابگرین. ئەردۆغان لە قسەکانی گووتی ئەوان رێککەوتن ناکەن. دواتر لەگەڵ پۆمپیۆ گەیشتنە ئەو بڕوایەی پێکهاتنی کورد و تورکیا ئەستەمە و دەبێت کوردەکان زۆر هۆشیار بن. پۆمپێیۆ گووتی مەولود چاوشئۆغڵوو ئەوەی بە ناڕاستەوخۆ گوتووە: دەتوانن بژاردەتان هەبێت، دەتوانن ئێمەتان هەبێت لە سنوورەکەتان، یان ئێران و رووسەکان.

….

دواتر بۆڵتۆن باس لە ناوچەی ئارام و قایلکردنی کورد و تورکیا و ئەوروپا دەکات، لە کۆتایی ئەم باسەش بۆڵتۆن نووسیویەتی، دوای ئەوەی کۆشکی سپیم جێهێشت، ترەمپ دەستی لە کوردەکان بەردا لە سووریا، پێشبینی و خەمڵاندن هەبوو بۆ ئەوەی دوای کورد دەبێت ئەمەریکا دەست لەکێ بەر بدات، رەنگە تایوان لە سەرووی هەموویانە بێت.

ناوەکان:

جۆزیف دانفۆڕد، فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
جەیمس ماتیس، وەزیری پێشووی بەرگری ئەمەریکا
مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا