هۆکاری پەلە کردن لە واژۆ کردنی گرێبەستی مێلۆ و پیانیچ چیە؟

گشت یانەکان تاوەکە سەرەتای مانگئ 10 دەرفەتیان هەیە

کارگێری هەردوو یانەی بارسێلۆنا و یۆڤێنتۆس ئەم رۆژانە سەرقاڵی گۆڕینەوە دوو یاریزانی یانەکەیان ئارسەر مێلۆی بەڕازیلی و میرالیم پیانیچی بۆسنیایی و هەردوو یانە دەیانەوێت پێش کۆتایی هاتنی ئەم مانگە کۆتایی بە گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە بێنن، لە کاتێکدا هەموو یانەکان تاوەکو سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەرفەتیان هەیە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکانیان.

ماڵپەری کالچۆ مێرکاتۆی ئیتاڵی بڵاویکردووە هەردوو یانەکە پەلەیانە لە کۆتایی بە گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە، هەربۆیە درەنگانی شەوی رابردوو مێلۆ گەیشتە تۆرین و بریارە ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت و دواتریش گرێبەستەکەی واژۆ دەکات و دەگەرێتەوە بارسێلۆنا، بریاریش بوو کە پیانیچ ئەویشیان بچێتە بارسێلۆنا بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، بەڵام بە هۆی نەبوونی هێلی فرۆکەوانی نێوان هەردوو وڵات، بریارە هەر لە شاری تۆرین پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت و کۆتایی بە کارەکانی بهێندرێت.

سەرچاوەکە هۆکاری پەلە کردن لە گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە ئاشکرا دەکات و نوسیویەتی، هەردوو یانە دەیانەوێت پێش کۆتایی هاتنی ئەم مانگە گرێبەستەکانیان واژۆ بکەن، بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستانە لەگەڵ ساڵی دارایی 2019-2020 ئەژمار بکرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر بکەوێتە مانگی داهاتوو واتە مانگی حەوت، ئەوا لەسەر ساڵی دارایی 2020 بۆ 2021 ئەژمار دەکرێت، ئەو کات هەردوو یانە بەشێکی زۆر لە ساڵی داراییان لە کیس دەچێت.