گۆڕان: پشتیوانی كابینه‌ی حكومه‌ت و پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ریه‌ك له گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حموود محه‌مه‌د و ئه‌ندامی شاندی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ده‌رباز محه‌مه‌د ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو و جه‌ختیانكرده‌وه، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان پشتیوانی له مانه‌وه و به‌هێزتركردنی كیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتیوانی له پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌كه‌ن.
له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، ده‌رباز محه‌مه‌د، ئه‌ندامی شاندی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گوتی: چاكسازی ده‌بێت بكرێت و هه‌نگاوه‌كان به خاوخلیچكی ده‌ڕۆنه پێش و ناكۆكی نێوان پارتی و یه‌كێتی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌بووه. ئێمه پشتیوانی له حكومه‌ت ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی یاسای چاكسازی جێبه‌جێ بكات. له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه گفتوگۆمان كرد.
گوتیشی: بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بێت، تاكه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ڵوێستی ناوخۆیی یه‌كبخرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. پاساو هێنانه‌وه ره‌نگه له رابردوودا رۆڵی هه‌بێت، به‌ڵام ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌مان بكه‌ین و ئه‌گه‌ر پشتیوانی حكومه‌ت نه‌بین حكومه‌ت ناتوانێت ئه‌ركی خۆی راپه‌ڕێنێت.
روونیشیكرده‌وه، حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه و متمانه‌ی له په‌رله‌مان وه‌رگرتووه. یه‌كێتی و پارتی ناكۆكییان هه‌یه و به‌شێكی چاكسازی ده‌كه‌وێته لای یه‌كێتی و پارتی و ئه‌وان ده‌بێت وه‌ڵام بده‌نه‌وه بۆچی دواكه‌وتووه. پێنج لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه كه‌سیان دژی حكومه‌ت نین و پێویسته ئه‌و دابڕانه‌ی له نێوان یه‌كێتی و پارتی له ناو حكومه‌ت درووست بووه، چاكبكرێته‌وه و هه‌وڵی ئه‌وه له ئارادایه كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌حموود محه‌مه‌د گوتی: ره‌وشه‌كه ره‌نگه پێویستی به رێكخستنه‌وه‌ی ریزی ناوخۆیی خۆمان هه‌بێت. ئێمه‌ش هه‌وڵێكی جدی بۆ ئه‌و پرسه ده‌ده‌ین.
گوتیشی: یاسای چاكسازی له واده‌ی خۆیدا ده‌بێت بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و با یاساكه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت كێ پشتیوان و كێ دژی چاكسازییه. ئێستا ئێمه و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دووپات‌مان كردووه‌ته‌وه، كه پشتیوانی ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: بێگومان خه‌ڵكانێك هه‌ن هاوڕا نین له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و دژی داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بوونه، به‌ڵام جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بووه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.