1400 هێکتار دارستانەکانی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان سووتاوە و ئاگرەکە بەردەوامە

سێ ژینگەپارێزی خۆبەخش لەكاتی ھەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەكە گیانیان لەدەستداوە
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/da5f0883-960b-42d5-acbd-66024e17a46a/063020GNF.ism/manifest


K24 - هەولێر

شەش رۆژە سووتانی دارستانەكانی نزیك شاری پاوەی رۆژھەڵاتی كوردستان بەردەوامە. تاوەكو ئێستا زیاتر لە 1400 ھێكتار لەو دارستانانە سووتاوە. خەڵكی ناوچەكە دەڵێن سەرەڕای گیانلەدەستدانی سێ ژینگەپارێز لەهەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، کەچی حكومەت ھەوڵی جدی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە نەداوە.

سێ ژینگەپارێزی خۆبەخش لەكاتی ھەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەكە گیانیان لەدەستداوە، یاسین كەریمی، بیلال ئەمینی و موختار خەندانی ئەندامانی رێكخراوی ژینگەپارێزی ژیای پاوە بوون، كە ھەندێك لە شایەتحاڵەكان دەڵێن، مینیان پێدا تەقیوەتەوە و بەرپرسانی خۆجێیش دەڵێن، لەنێو دووكەڵی ئاگرەكەدا خنكاون و گیانیان لەدەستداوە.

ئەمە، یەكەم سووتانی دارستانەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان نییە لەماوەی ئەمساڵدا، بەڵام ئەوەی ناوچەی بوزین و مەرخێلی پاوە زیانی لە ھەموویان زیاتر بووە و تاوەكو ئێستاش بەرپرسانی حكومی لە كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە دەستەوەستانن، تەنیا خەڵكی خۆبەخش لە ھەوڵەكانیان بەردەوامن.

فەرەیدون یاوەری، سەرۆكی ناوەندی ژینگەپارێزی پارێزگای كرماشان دەڵێ، ناوچەكان شاخاوین و دەستیان پێناگات، دەشڵێ، تاوەكو ئێستا هەلیكۆپتەری تایبەت بە كوژراندنەوەی ئاگریان بەكارنەھێناوە، چونكە دەترسن "با"ـی هەلیكۆپتەرەكان تەشەنە بە ئاگرەكە بكات و زیاتری بكات.

لەگەڵ ھەمووی ئەوانەشدا ئارەش لھۆنی، نوێنەری خەڵكی پاوە و ھەورامان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێ ئەو ناوچەیە یەك بنكەی ئاگركوژێنەوەی لێ نییە و ئەوەش بە ھۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی ئاگرەكە ناودەبات. ئەو دەڵێ لایەنە حكومییەكان لە كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە كەمتەرخەمن و ئەوەی ئێستا ھەیە چالاكوانان و خۆبەخشەكانی ناوچەکە دەیكەن.

ئاگرەكەی ناوچەی بوزین و مەرخێل جگە لەوەی ھەڕەشە لە پاوە دەكات، خەریكە لە شاری جوانرۆش نزیك دەبێتەوە، چالاكوانان ھۆشیاری ئەوە دەدەن، ئەگەر ئاگرەكە كۆنترۆڵ نەكرێت كارەساتێكی ژینگەیی روودەدات.

 

 

هـ.ر.