قوباد تاڵەبانی بۆ کوردستان24: ئەمساڵ کێشەی مووچە نامێنێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانی حکوومەتەکان لە دوبەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەشداریی لەم جۆرە کۆنفرانس و لووتکانە کاریگەریی زۆریان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، هەورەها کاریگەرییان بۆ بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستانیش هەیە، چونکە دیداری زۆرمان دەبیت و هەروەها بەشداری پانێلەکان دەکەین.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، وڵات و سیستەمی حوکمڕانی بەرەو گۆڕانکاری خێرا دەڕوات، بۆیە ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەین حوکمڕانییەکەمان شەفافتر و باشتر بێت، هەروەها ڕۆتین کەم بکەینەوە و بەرەو حکوومەتی دیجیتاڵی بڕۆین، کیشەی ئاو و ڕێگاوبان و ژێرخان هەمووی چارە بکرێت.
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئەو پرسەی زۆرترین کاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی گرتبوو، بابەتی مووجە بوو، هەروەها بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ هەمانە، کێشەی مووچە بۆ ئەمسال 2025 چارە دەبێت.
ڕاشیگەیاند، زۆر لەو پرسیارانەی حکوومەتی فیدراڵ هەیانبووە، بە زیادەوە وەڵاممان داوەتەوە، هەروەها ئەو بیانووانەی پێشتر لەبەردەم ناردنی مووچە هەبووە هەموومان چارە کردووە، بۆیە گەشبینیم کە پرسی مووچە کۆتایی پێ دێت.
دەشڵێت: پێم وایە ئەم جارە ڕێککەوتنەکەمان تۆکمەیە، بابەتی هەمواری بودجە و بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە نەوتەوە، بەرە بەرە کێشەکان چارە دەبێت.