پەیامێک لە کەسوکاری شەهیدانی دەڤەری ئامێدی

كاردانه‌وه‌كانی شه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و توركیا لە دەڤەری ئامێدی


K24 - شیلادزێ

کەسوکاری ئەوانەی بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون، دەنگی خۆیان دەگەیەننە پەکەکە و داوایان لێدەکەن دەڤەرەکەیان چۆڵ بکەن، پەیامێکی ئاشکراش ئاراستەی ئەوانە دەکەن، کە دەیانەوێت بابەتەکە بۆ دروسکردنی ئاڵۆزی بقۆزنەوە.

فەرسەت عومەر، برای یەکێک لە شەهیدەکانی دەڤەرەکە دەڵێ "داوا لە خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەین، کە خۆپیشاندان چارەسەر نییە بۆ ئەم بابەتە. ئەگەر خۆپیشاندان بۆ ئەوە بێت، هەرکەسێک با داوای مافی خۆی بکات، بەڵام دەبێت خۆپیشاندان ببێتە هۆی ئارامییەک بۆ خەڵک، لەکاتێکدا ئێمە دەبینین هیچ ئەرامییەک لە خۆپیشاندانەدا نییە".

سوبحی ئورمارەیی یەکێکە لە جگەرسووتاوەکان و داواکارییەکی لە خەڵکی دەڤەرەکەی هەیە و، دەڵێ "داوا لەو خەڵکە دەکەم، ئارامیی دەڤەرەکە بپارێزن، نەهێڵن هیچ کەس و لایەن و هێزێکی دەرەکی دەستوەردان لە کاروباری ئێمەدا بکەن و، خەڵکی ئێمە هان بدەن بۆ تێکدانی ئارامی".

جگە لە زیانی گیانی، رووداوەکانی ئەم دواییە کاردانەوەی راستەوخۆشیان لەسەر بازاڕ دروستکردووە و بەهۆی بوونی پەکەکە لە گوندەکانیان، بەهانە دراوەتە تورکیا بەردەوام ئەو دەڤەرانە بۆردوومان بکات.

لە چەند ساڵی رابردوودا لەئەنجامی بۆردوومانی تورکیا لە چەندین جێی جیاوازی سنووری دەڤەری ئامێدی 28 کەس شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون، ژمارەیەک گوندیش لەترسی دووبارەبوونەوەی شەڕ و هێرشەکان چۆڵ کراون.

 

 

هـ.ر.