شیرین فوئاد مەعسووم لەبارەی "هەڵوەشانەوەی" قەوارەی هەرێمی کوردستان: دەبێت لێپرسینەوە بکرێت

"ئەم بابەتە مەسەلەی ئاسایشی نیشتمانییە و نابێت وا بە ئاسانی تێپەڕێندرێت"

 

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەبارەی داواکاریی هەندێک کەس و لایەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ بەغدا دەڵێ "ئەم مەسەلەیە نابێت وا بە ئاسانی تێپەڕێت، ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی و هەرکەسێک ئەو قسەیەی کردووە دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت".

شیرین فوئاد مەعسووم، پسپۆر لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و کچی فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 دەڵێ بابەتی مووچە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکەڵ کراوە "خەڵک مافی خۆیانە داوای ژیان و مووچە بکەن و گلەیی لە حکومەت بکەن و داوای چاکسازی بکەن، لەلایەکی دیکەشەوە بابەتەکە تێکەڵکراوە لەگەڵ مەسەلەی ئازادی و ژێردەستیی میللـەتەکەمان، کە 100 ساڵ زیاترە خەبات دەکات، بۆ دەبێت بە دوو قسە هەمووی لەدەست بدەین!".

شیرین فوئاد مەعسووم دەڵێ "دەبێت لێکۆڵینەوەیەک بکرێت، بزانن بۆچی ئەو بابەتە باسکراوە و داوای دەکەن، چونکە ئەو بابەتە وا ئاسان نییە و پەیوەندیی بە ئاسایشی میللـەتەوە هەیە، دەبێت بزانن کێ لەدوایەتی، کێ دەیەوێت هەرێمی کوردستان هەڵبووەشێنێتەوە؟ لایەنی ئەمنی پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات و لێکۆڵینەوە بکرێت، کە بۆچی دەتانەوێت ئازادی میللـەتەکە ئاوا بچوێنن".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، دەڵێ "ئەو کەسانەی ئەو داواکارییەیان هەیە، قوربانیان بۆ ئەو گەلە نەداوە، خوێنیان نەڕژاوە، لەنێو خێزانەکەیاندا شەهیدیان نییە، نازانن دڵی ئەو دایکە چی تێدایە کە کوڕەکەی (لەپێناو کوردستان) شەهید بووە".

شیرین فوئاد مەعسووم جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەم بابەتە مەسەلەی ئاسایشی نیشتمانییە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە، پەیوەندیی بە هەڵبژاردن و شکاندنی حیزبێکەوە نییە، چونکە ئەو بابەتە زۆر گەورەترە، ئایا دەیانەوێت بیانوویەک بدەنە عێراق بۆ ئەوەی سوپاکەی بێتە هەرێمی کوردستان و بڵێ ئێمە لەسەر داواکاریی میللـەت هاتووین! نەخێر، ئەوە داواکاریی میللـەت نییە، چونکە ئەو میللـەتە دوو ساڵ پێش ئێستا لە ریفراندۆمدا دەنگی بە سەربەخۆیی کوردستان دا، موستەحیلە ئێستا ئەو داواکارییەی هەبێت".