پوتن و ئەردۆغان و رۆحانی لەسەر پلانێك بۆ سووریا رێكەوتن

"پلانی دابەشكردنی سووریا رەتكراوەیە"

K24- هەولێر:

هەرەیەك لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ەردۆغان، سەرۆكی توركیا و حەسەن رۆحانی، هاوتا ئێرانییەكەیان لەسەر چڕكردنەوەی هەوڵە هاوبەشەكانیان بۆ چارەسەركردنی پرسی سووریا رێكەوتن.

دوای لووتكە سێ قۆڵیەكەی سەرۆكی ئەو سێ وڵاتە لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەبارەی پرسی سووریا دەركرد و تێیدا جەختیان لەسەر بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوانیان لە چوارچێوەی رێكەوتنەكانی ئەستانا كردەوە.

لە بەیاننامەكەدا جەخت لەسەر پابەندبوونی ئەو سێ وڵاتە بە پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی خاكی سووریا كرایەوە و هەموو ئەو هەوڵانەشیان رەت كردەوە، كە بە پاساوی شەڕی دژ بە تیرۆر بۆ دروستكردنی واقعێكی نوێ لە ناو خاكی سووریا دەدرێن، بەتایبەت راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆ "الحكم الذاتی".

هەرسێ سەرۆكەكان ئامادەیی خۆشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پلانەكانی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە سووریا نیشاندا و ئەو هەوڵانەشیان وەك هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێی سووریا لەقەڵەمدا.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هەریەك لە پوتن و ئەردۆغان و رۆحانی دانپێدانانی ئەمەریكایان بە جۆلان وەك خاكی ئیسرائیل ئیدانە كرد و هۆشدارییان دا، "ئەو هەنگاوەی مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمەكە درووست دەكات".

H.B