قایمقامەكانی سنووری ھەولێر ھەڵسەنگاندن بۆ قەدەغەی ھاتووچۆ دەكەن

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ قایمقامەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر بە مەبەستی ھەڵسەنگاندن بۆ قەدەغەی ھاتووچۆی كۆدەبنەوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی قایمقامەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر بەڕێوەدەچێت، بۆ ھەڵسەنگاندنی قەدەغەی ھاتووچۆی سێ رۆژی رابردوو. گفتوگۆ لەسەر جێبەجێكردنی رێكارەكان و ئاستەنگەكان دەكەین".

گوتیشی: "بەپێی ھەڵسەنگاندنی ئێمە تارادەیەكی زۆر باش خەڵك لە ھەولێر پابەندی رێكارەكان بووە".

قایمقامی ناوەندی ھەولێر، ئاماژەی بەوەشكرد: "رێنمایی دراوەتە ھێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن، بەتایبەتی بۆ حاڵەتی نەخۆش و جوتیاران و ئەو دوكاندار و كاسبكارانەی رێگەپێدراون".