دەست بەسەر 14 تۆن ماددەی هۆشبەردا گیرا، داعش دروستی کردووە و بە بەهای 2 ملیار یۆرۆیە

 

K24 - هەولێر

14 تۆن ماددەی هۆشبەر کە لەلایەن داعشەوە دروستکرابوو و بە بەهای دوو ملیار یۆرۆ (زیاتر لە دوو ملیار و 258هەزار دۆلار) دەخەمڵێنرێت، لە ئیتاڵیا دەستیبەسەردا گیرا.

پۆلیسی ئیتاڵیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیگرت بەسەر "گەورەترین باری ماددەی هۆشبەری ئەمفیتامین، کە بە حەبی کێپتاگۆن ناسراوە، ئەو ماددە هۆشبەرە لەلایەن رێکخراوی داعش دروستکراوە.

پۆلیسی ئیتاڵیا رۆژی چوارشەممە (1-7-2020) رایگەیاند بڕێکی پێوانەیی ئەمفیتامینیان دەستبەسەردا گرتووە، کە 14 تۆنە و پێکهاتووە لە 84 ملیۆن حەبی کێپتاگۆن، رێکخراوی داعش لە سووریا بەرهەمیهێناوە.

پۆلیسی ئیتاڵیا روونی کردووەتەوە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە بەندەری سالێرنۆ لە باشووری ناپۆلی ئەنجامداوە، دەڵێ "دەزانین داعش چالاکیی تیرۆرستی پارەدار دەکات بەتایبەتیش بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات کە لە سووریا دروستی دەکات، بەو هۆیەوەش بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەمفیتامینات لە ساڵانی رابردوودا".

لێکۆڵەران جەخت دەکەنەوە لەوەی حەبەکان مۆری "کێپتاگۆن"ـیان بەسەرەوە بووە، ئەوەش دەرمانێکە لە خانەی ماددەی هۆشبەرە و زۆرجاریش لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعشەوە بەکاردێت.

رۆژنامەی لا ریپەبلیکای ئیتاڵی ئاشکرای کردووە "بارەکە دەنێردرایە کۆمپانیایەکی سویسری، کە بنکەکەی لە لۆگانۆیە و ئیتاڵییەکان خاوەنداری دەکەن".

لێکۆڵەران پێیان وایە "هاوپەیمانییەک"ـی گرووپە تاوانکارییەکان لەپشت ئەو ئۆپەراسیۆنەیە، چونکە بڕی 85 ملیۆن حەب دەتوانێت پێداویستیی هەموو بازاڕەکانی ئەوروپا پڕبکاتەوە.

ماددەی کێپتاگۆن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەفرۆشرێت، بەپێی پۆلیسی ئیتاڵیا "رەواجێکی زۆری لەنێو چەکداراندا هەیە، چونکە هەست بە ترس و ئازار کەمدەکاتەوە". ئەو ماددەیە سەرەتا لە لوبنان دروستدەکرا و لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە سعودیە بڵاودەکرایەوە، لە زۆر بنکەی تووندڕەوان دۆزراوەتەوە، تەنانەت لە شوێنی خۆحەشاردانی ئەوانەی هێرشەکانی 2015ـی پاریسیان ئەنجامدا، ئەو حەبە دۆزرابووەوە.