لەبارەی قەدەغەی ھاتووچۆ لە ھەولێر بڕیاری نوێ دەدرێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر كۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی رێكارەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی ھاتووچۆ دەدرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24: "چەند سیناریۆیەك ھەن، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، یەكێك لە سیناریۆكان ئەوەیە كە قەدەغەی ھاتووچۆ بە رۆژ ھەڵگیرێت و چەند كاتژمێرێكی شەوان پەیڕەو بكرێت".
پەیامنێرمان زانیویەتی: "بڕیار لەوە دەدرێت، ئەو شوێنانە بە داخراوی بمێننەوە كە ھاووڵاتیان زۆر لێی كۆدەبنەوە و قەرەباڵغی دروست دەكەن، بەتايبەت بازاڕە ميلليەكان و پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل".
پەیامنێری كوردستان24، ئاماژەی بەوەشكرد: "يەكێكی ديكە لەو سيناريۆيانەی بڕيارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر گفتوگۆی لە بارەوە بكرێت، رێكاری نوێ بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیيان لەنێوان ھەولێر و پارێزگاكانی دیكە دادەنرێت".
ھەروەھا لیژنەكانی چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەكان بەردەوام دەبن لە چاودێری بۆ ئەوەی ھاووڵاتی و كاسبكاران پابەندبن بە رێكار و رێنماییە تەندروستییەكان.
بەھۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ھۆشداری وەزارەتی تەندروستی ھەفتەی رابردوو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر بڕیاریدا لە 30/6/2020 تا 4/7/2020 ھاتووچۆ قەدەغە بكرێت.
ھ.م