بە فەرمی ئالکانتارا داوای جێهێشتنی بایرن میونشن دەکات

لەوانەیە بچێتە لیڤەرپوول

بە شێوەیەکی فەرمی تیاگۆ ئالکانتارا ناوەراستکاری بایرن میونشن دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ یانەکەی جێدێڵێت.

کارل هاینز رۆمینیگێ بەرێوەبەری وەرزشی لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا بە ئاژانسی ئاسۆشیتدپرێسی راگەیاندووە، تیاگۆ ئالکانتارا ناوەڕاستکاری ئیسپانی یانەکەیان داوای کردووە رێگەی پێبدەن کۆتایی ئەم وەرزە یانەکەیان جێبێڵێت و ئەوانیش هیچ رێگرییەکی لێناکەن، هەرچەندە هیچ زانیارییەکیان لەسەر داهاتووی ئەو یاریزانە نیە و تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ یانەیەک گفتوگۆیان لەگەڵ نەکردووە، سەرەرای ئەوەی کە ئەوان تاوەکو ئێستاش ئامادەن گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە.

سەرەرای ئەوەی کە دەنگۆیەکی بەهێز هەیە ئەو یاریزانە دەیەوێت پەیوەندی بە لیڤەرپوول بکات، بەڵام بەرێوەبەری وەرزشی باڤارییەکان بێ ئاگایی خۆی لەم بابەتە راگەیاندووە و نازانێت ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە کام یانە دەکات.

ئالکانتارا لە 2013ـەوە یاریی بۆ بایرن میونشن دەکات و هاوینی 2021 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت.