قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای لە هەولێر کەمکردەوە

بەڕێوبەری تەندروستی ھەولێر: بڕیاری قەدەغەی ھاتووچۆ باشترین بژاردە بوو
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

قەدەغەی ھاتووچۆ لە هەولێر، ژمارەی تووشبووانى کۆرۆناى کەمکردەوە و، تا رادەیەکیش بارودۆخی تەندروستی لە پارێزگای ھەولێر جێگیر کرد.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر دەڵێت قەدەغەی ھاتووچۆ باشترین رێکار بوو بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان و، داواشیان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کردووە ئەگەر قەدەغەی تەواوی هاتووچۆش بەردەوام نەبێت، پێیان باشە لە شەواندا قەدەغەى ھاتووچۆ ھەبێت، یان رێکارەکان تووند بكرين بۆ ئەوەی بارودۆخەکە بە جێگیری بمێنێتەوە.

بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، باسى رەوشی تووشبووان لە پارێزگای ھەولێر دەكات و دەڵێ لە بارێکی جێگیردان، تەنھا ٦ نەخۆش باری تەندروستییان ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی چڕدان، رێژەی توشبووانيش بە کۆرۆنا لە چاو رۆژانی پێش قەدەغەی ھاتووچۆ، کەمی کردووە.

٥٨٠ تووشبووى كۆرۆنا ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ھەولێرن، لەو ژمارەیش 30 کەسیان نیشانەی تووندیی پەتاکەیان ھەیە.

بريارە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای ھەولێر، رێکار و رێنمايی نوێ لە بارەی بارودۆخەکەوە دەربکرێن.

 

هـ.ر.