لە 48 کاتژمێردا 40 شەڕکەر لە سووریا کوژران

K24 - هەولێر

شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوپای سووریا کە لەلایەن رووسیاوە پاڵپشتییان دەکرێت لەگەڵ چەکدارانی داعش، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40 شەڕکەر لەهەردوولاوە لە تەنیا 48 کاتژمێردا.

شەڕ و بۆردوومانی فڕۆکەکانی رووسیا لە حومس لەوەتەی سێشەمەی رابردووەوە بووەتە هۆی کوژرانی 28 چەکداری گرووپەکانی لایەنگری حکومەتی سووریا، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

بەگوتەی رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ "شەڕەکە لە شەوی سێشەممەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو شەوی هەینی بەردەوامبووە و چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی سەر بە حکومەت لە نزیک شارۆچکەی سوخنە لە ئەنجامدا زیاتر 40 شەڕکەر لەهەردوولا کوژراون".

چەکدارانی داعش سەرەڕای لەدەستدانی زۆربەی ئەو خاکەی کۆنترۆڵیانکردبوو لە ساڵی رابردوو، توانیویانە تاڕادەیەک پارێزگاری لە بوونیان بکەن لە بیابانی بادیەی سووریا و لەوێوە بەبەردەوامی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی حکومەت و گرووپەکانی لایەنگریان.