لیژنەی تەندروستی لە مەرزی شۆشمێ ماندەگرێت

.

K24 - ھەڵەبجە

لیژنەی تەندروستی لە مەرزی (شۆشمێ- تەوێڵە) مانیان گرت و شوفێران بەبێ پشكنین ھاتووچۆ دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە: "ئەمڕۆ کارمەندانی لیژنە تەندروستی سەر لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە لە مەرزی شۆشمێ تەوێڵە مانیان گرتووە، ھەرچەندە کارەكانی مەرزەکە پەکی نەکەوتووە، بەڵام شوفێران بەبێ پشکنین، ھاتووچۆ دەكەن".

سەرچاوەیەك لە مەرزی شۆشمێ ئاماژەی بەوەشكرد: "پشکنین بۆ هیچ خۆراکێکیش ناکرێت، کە لەنێو ئەو مەرزە دێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، هەروەها کاری رشاندنی دەرمانیش بۆ ئۆتۆمبێلەکانیش ئەنجام نادرێت".

حەمید بارام، بەڕێوەبەری شارەدێی بە كوردستان24ی گوت: "مانگرتنەکە تەنها بۆ دوو کاتژمێر بووە"، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان لەو سنوورە ماوەی ئەو دوو کاتژمێرە پشکنینی خۆراکی و رشاندنی دەرمان بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە ئەنجام نەدراوە کە هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەكان ھۆكاری مانگرتنی ئەو لیژنەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئیدارەی گشتی یەكێتی بەڵێنی خەرجکردنی پاداشت بۆ ئەو کارمەندانە دابوو، بەشێوەیەک بۆ هەریەکێکیان رۆژی 15 هەزار دیناریان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام ماوەی دوومانگە هیچ بڕە پارەیەک خەرج نەکراوە، كارمەندانی ئەو لیژنەیەش ئەمڕۆیان وەك دوا مۆڵەت بۆ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە دیار كردووە.