سەرۆکی بەرازیل تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا راگەیاند

بە کۆرۆنای دەگوت "هەڵامەتێکی سووک"

K24 - هەولێر

لەوەتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان بڵاوبووەتەوە، سەرۆکی بەرازیل بەردەوامە لە قسەکانی و کۆرۆنا بە پەتایەکی سووک دەچووێنێت، تاوەکو خۆی تووشی ئەو پەتا جیهانییە بوو.

جاییر بۆلسێنارۆ، سەرۆکی بەرازیل دوێنێ (سێشەممە، 7-7-2020) لەکاتی قسەکردن بۆ تەلەڤیزیۆنەکانی وڵاتەکەی، تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا دووشەممە پشکنینی کردووە و ئەنجامەکەی ئەرێنی بووە.

سەرۆکی بەرازیل گوتی "یەکشەممە هەستم بە نەخۆشی دەکرد. دووشەممە خراپتریش بووم و هەستم بە ماندوویێتی دەکرد و ماسولکەکانم ئازاریان دەدام، پلەی گەرمیی جەستەشم گەیشتبووە 38 پلەی سیلیزی، بە رەچاوکردنی ئەو نیشانانە، پزیشکی سەرۆکایەتی پێشنیازی کرد پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەم، دوای ئەوەی سکان بۆ سییەکانم کرا، دەرکەوت تووشی کۆرۆنا بووم".

لە لێدوانێکدا بۆ سی ئێن ئێنی بەرازیل، بۆلسێنارۆ ئاشکرای کرد، لەمەودوا تاوەکو بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەردەکەوێت، کۆبوونەوەی راستەوخۆ ناکات و کاروبارەکانی سەرۆکایەتی لەرێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ڤیدیۆیی رادەپەڕێنێت.

هەروەها دانی نا بە ترسناکیی کاریگەریی پەتاکە، کە پێشتر بە "هەڵامەتێکی سووک" وەسفی دەکرد و، گوتی "دەزانین رێژەی مردنی ئەوانەی لە سەرووی 65 ساڵەوەن وەک من، بەو پەتایە چەندە... ڤایرۆسەکە دەکرێت کوشندە بێت، هەمووان ئەوەیان دەزانی".

بەرازیل لەدوای ئەمەریکا دووەم وڵاتی جیهانە لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام زۆرجار بۆلسێنارۆ لەنێو خەڵک دەرکەوتووە بەبێ ئەوەی رەچاوی رێکارەکانی تەندروستی بکات، ماسک ببەستێت و تەنانەت لایەنگرانیشی لە ئامێز گرتووە.

هەتاوەکو ئێستا زیاتر لە 65 هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرازیل گیانیان لەدەستداوە، ملیۆنێک و 623 هەزار کەسیش تووشی پەتاکە بوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارە پشکنینەکان لەو وڵاتە کەمە، بەرپرسانی تەندروستیی بەرازیل دەڵێن ئەو ئامارەکانی تایبەت بە کۆرۆنا 12 بۆ 16 ئەوەندەی ژمارەی راگەیەندراوە.